ئاسۆ فەرەیدون قسهی بۆ مانگرتوانی سلێمانی ههیه
ئاسۆ فەرەیدون
ئاسۆ فهرهیدون پارێزگاری سلێمانی، داوا لهفهرمانبهران دهكات كۆتایی به مانگرتنو بایكۆتی دهوام بهێننو دهڵێت "پەیامی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بە ڕوونی گەیشتن، ئیدی پێویستە بگەڕێنەوە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانتان".
پارێزگاری سلێمانی لەپەیامێكدا، دهڵێت "دەتوانین بەم دۆخە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەدا تێپەڕێین، لەوەش دڵنیابین خزمەتکردنمان لە کاتی درەنگ کەوتنی موچەکانماندا بەشێکە لە پرۆسەی پاراستنی ئەمنی، کۆمەڵایەتی و ئیداری هەرێمەکەمان".
دهقی پهیامهكه:
ئاکامەکانی درێژە پێدانی مانگرتنی فەرمانبەران
د. ئاسۆ فەرەیدوون
ئێمە سەرباری ئەوەی دووپاتی دەکەینەوە مانگرتن و ناڕەزایەتی فەرمانبەران لەبەرانبەر دواکەوتنی موچەکانیان مافێکی ڕەوایە و تێگەیشتنی تەواومان بۆ داخوازییەکەیان هەیە، هاوکات تاکیدی دەکەینەوە مافی هاوڵاتیان و ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانیان لە فەرمانگەکاندا ئەرک و مەسولیەتی هەموولایەکمانە . پابەندبوون بە دیسپلینی بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانمان لە فەرمانگەکاندا بەتایبەتی لەم قەیرانە دارایی و ئابوورییەی هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت هیچی کەمتر نیە لە بەرگری کردن لە نیشتمان و خۆبەخشی پێشمەرگانە لە سەنگەرەکانی پاراستنی کوردستاندا.
ئەم جۆرە بەرگری کردنە وەک بەرەی نێوخۆ ( جبهە الداخلیە ) لە کاتی جەنگدا تەواوکار و پشتیوانی ڕاستەوخۆی بەرەی جەنگە و دەبێت هەموولایەکمان بەوپەڕی مەسولیەت و گیانی لەخۆبوردەییەوە، هوشیاری لەدەست نەدانی ئەرک و مافەکانمان بین .
دەبێت هەموو لایەکمان، هاوڵاتیان، فەرمانبەران، دەستەڵات، پێشمەرگە، پهرلەمان و نوێنەرانی خەڵک پێکەوە بە جیاوازی شوێنی سەنگەرەکانمانەوە لەبەرەی بەرگریکردن و پتەوکردنی پەیوەندی نێوانمان و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانماندابین .
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان (بەهەموو چین و توێژەکانیەوە) توانیوویەتی لە سەخترین نەبوونی و قەیران و جوت ئابڵۆقەی ئابووری و دارایی دوانزە ساڵی پاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا خۆڕاگر و بەتوانابێت، کە چەندین مانگ جارێک بڕەموچەیەکی وەردەگرت، سەربڵند و جوامێرانە ئەو بەرگریەی لەژیان و کیانی کوردبوونی خۆی دەکرد، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی ئەوهەڵوێستە لە خۆمان دەکەین.
دەتوانین بەم دۆخە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەدا تێپەڕێین. لەوەش دڵنیابین خزمەتکردنمان لە کاتی درەنگ کەوتنی موچەکانماندا بەشێکە لە پرۆسەی پاراستنی ئەمنی، کۆمەڵایەتی و ئیداری هەرێمەکەمان . هاوکات دەرفەتی ئەوەشمان هەبێت پیاچوونەوە بە کۆی سیستەمی دارایی و ئابووری خۆماندا بکەینەوە، چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم کێشەکانمان بدۆزینەوە .
با لە فەرمانگەکانمانەوە، سەنگەرەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی بەرگری نیشتمانی بەهێزتر و پتەوتر بکەین. چۆڵکردنی سەنگەری فەرمانگەکان، جگە لە لاوازکردنی هەیبەتی دەوڵەت و سیستەمی بەڕێوەبردن، کاریگەری نەرێنی دەخاتە نێو سەنگەری بەرگریمانەوە.
تکایە با هەموومان بەو پەڕی لەخۆبوردەیی و ئازایەتیەوە باپەندبین بە ئەرکەکانمانەوەو شکۆی فەرمانگەکانمان بپارێزین. پەیامی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بە ڕوونی گەیشتن . ئیدی پێویستە بگەڕێنەوە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانتان، دەبێت هەمووان پابەندی پاراستنی مافی هاوڵاتیان و دیسپلینەکانی فەرمانگەکانی خۆیان بن .
PM:01:02:19/01/2015