كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح لەگەڵ بارزانی كۆبوونەوە

ئەمرۆ هەردوو جێگرەكەی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ مەسعود بارزانی لەبارەگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لەمیحوەری رۆژئاوای دیجلە كۆبوونەوە.

بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: ئەمڕۆ هەینی 23ـی 1ـی 2015 لە بارەگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە كوسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و شاندێكی یاوەریان كرد كە پێكهاتبوون لە هەرێم كەمال ئاغا و شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامانی سەركردایەتی و ڕێباز بێركۆتی، سەرۆكی فڕاكسیۆنی سەوز لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ، وەزیری ئاوەدان‌كردنەوە و نشتەجێ‌كردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان دەستخۆشییان لە بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا بەدەستیان هێناوە و سەرەخۆشیشیان لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا شەهید بوونە و هیوای چاك بوونەوەیشیان بۆ بریندارەكان خواست.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان و بەرەكانی شەڕ تاوتوێ كرا و جەخت لەسەر پاڵپشتی‌كردنی هێزەكانی پێشمەرگە كرایەوە و قسەیش لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق كرا.

هەر لەم دیدارەدا باس لە پێویستیی پاراستنی یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لەم بارودۆخە دژوار و پڕهەڕەشەیە كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان و پشتگیریی هێزی پێشمەرگە زامنی سەركەوتنی گەلی كوردستانە.




PM:06:03:23/01/2015