چەکدارانی داعش شەوی رابردوو ٢٤-١ هێرشیان کردە سەر گوندێکی نزیک مەخمور و بۆ چەند کاتژمێرێک کۆنترۆڵیان کرد.
بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە مەخمور رەشاد گەڵاڵی بە سپی میدیای راگەیاند" چەکدارانی داعش کاتژمێر ٩ ی شەوی رابردوو هێرشیان کردە سەر بەرزاییەکانی (تەلەریم) و گوندی تەلەریم و لە ئەنجامدا بۆ چەند کاتژمێریک بەرزاییەکانی تەریم و گوندەکەیان کۆنترۆڵکرد کە بە بەرزاییەکانەوە چەند رەبیەیەکی هێزی پێشمەرگەی پێوەبوو".
گەڵاڵی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" چەکدارانی داعش تا کاتژمێر ١ی شەو ئەو بەرزایانە و گوندەکەیان لە ژێر دەستدا بوو، دوای کاتژمێر ١ لە دژە هێرشێکی هێزی پێشمەرگەدا توانرا چەکدارانی داعش تێک بشکێنرێن".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە فرۆکەکانی هاوپەیمانان لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەوە تا بەرەبەیانی ئەمرۆ بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕانەوەو ناو بەناو بۆردومانی بنکەکانی چەکدارانی داعشیان دەکرد.
گەڵاڵی ئامادە نەبوو ژمارەی شەهیدەکانی پێشمەرگە ئاشکرا بکات، بەس هێندەی وت کە "شەهید هەیە"و ژمارەی کوژراوەکانی داعشی بە ٢٤ کوژراو خەمڵاند.
گەندی تەلەریم دەکەوێتە ٢٤کم رۆژئاوای شاری مەخمورەوە، ئەم شارۆچکەیەش ٥٦ کم دوورە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە.