"كۆسرەت‌و بەرهەم ساڵح داوا لەبارزانی دەكەن كە پشتگیری هێرۆ ئیبراهیم نەكات"

‌كۆبوونەوەكەی رۆژی هەینی رابردوو
سەرچاوەیەكی بەشداربوو لە كۆبوونەوەی رۆژی 23/1ی كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاشكرایدەكات كە لەو كۆبوونەوەیەدا كۆسرەت رەسوڵ داوا لەبارزانی دەكات چیدی پشتگیری هێرۆ ئیبراهیم نەكات.

بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكەی رۆژی هەینی رابردوو بە "رووداو"ی راگەیاند: "كاك كۆسرەت هەموو راستییەكانی نێو یەكێتی وەكو خۆی خستە بەردەم بارزانی بۆ ئەوەی بزانێ كێشەكان چۆنن". هەروەها گوتی "كاك كۆسرەت داوای لە كاك مەسعود كرد بێلایەن بێ و پاڵپشتی باڵی هێرۆخان نەكات". گوتیشی "كاك مەسعود بەڵێنی دا هاوكاری چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی بێت و بێلایەن بێت. بەڵام نەیشاردەوە كە لەدۆخی نێوخۆی یەكێتی نیگەرانە".

هاوكات فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی پێیوایە پارتی و بارزانی "تەرەفگیرنەبوون لە كێشەكانی یەكێتی، بەڵكو پارتی هەوڵی داوە خۆی تێوەنەگلێنێ لە كێشەكانی یەكێتی".

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ "باڵەكەی هێرۆخان كە پارتی و كاك نێچیرڤان و خودی كاك مەسعود پاڵپشتییان دەكرد، ئەم باڵە لەو ماوەیەدا لە حكومەت و پەرلەمان زۆر ئەزیەتی پارتییان داوە". ئەو سەركردەیەی یەكێتی كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە و نزیكە لە كۆسرەت رەسوڵ، دەڵێ "پارتی بەڕوون و ئاشكرا گوتی هەڵەمانكرد پاڵپشتی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدمان كردووە و ئەوە دووبارە ناكەینەوە".

لەلایەكی ترەوە بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رەتیدەكاتەوە كە حیزبەكەی تەرەفگیری بكات لەنێوان لایەنە ناكۆكەكانی یەكێتیدا. دڵشاد شەهاب دەڵێ "پەیوەندی پارتی لەگەڵ یەكێتی لەسەر بنەمای دابەشبوون و باڵ باڵێنی نێو یەكێتی نەبووە، بەڵكو لەگەڵ داوودەزگا فەرمییەكانی ئەو حیزبە بووە".

دڵشاد شەهاب بەدووری دەبینێ پارتی تاوەكو ماوەیەكی دیكەش لەنێو یەكێتیدا باڵێك بەسەر باڵێكی دیكەدا سەربخات و گوتی "پارتی تاوەكو ئێستا هیچ هەنگاوێكی نهێنی و ئاشكرای لەپێناو قووڵكردنەوەی كێشەكانی نێو یەكێتی یان لایەنگیریكردنی تەرەفێك لەسەر تەرەفی دیكە نەناوە و ناشینێ و مەبەستیشی نەبووە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی نیگەرانی حیزبەكەی لە نەبوونی ناوەندی بڕیار لەنێو یەكێتیدا ناشارێتەوە "بۆ مامەڵەكردن لەسەر هەندێ لەو كێشانەی لە هەرێمی كوردستان دێنە پێش، زۆرجار بەڕاستی تووشی گرفت دەبین كە ناوەندی بڕیار لەنێو یەكێتیدا لە كوێیە".




PM:01:43:26/01/2015