لەپاش 3 مانگ‌ چوونە ناو داعش و پاش كوشتنی، ئەوقاف مەلا شوانی فەسڵكرد

پاش ئەوەی نزیكەی سێ مانگ لەوەبەر مەلا شوانی خۆی‌و خێزانەكەی چوونە ناو چەكدارانی داعش‌و بەپێی هەواڵەكانیش لە هێرشەكەی كەركوكیش كوژرا، وەزارەتی ئەوقاف ئەو مەلایەی فەسڵ كرد.

لەمبارەوە كەمال موسلیم، وەزیری ئەوقافی حکومەتی هەرێمی كوردستان بە رووداوی رایگەیاند ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی شوباتی 2015، فەرمانی دەركردنیان بۆ  مەلا شوان دەكردوە‌و "هەر كەسێك لەدەوام داببڕێت، ئێمە بەپێی یاسا ئاگادری دەكەینەوە، لەماوەیەكدا پەیوەندی بەدەوامەكەیەوە بكات، ئەگەر نەیكرد دەردەكرێت، لەگەڵ ئەو مەلایەش بەو جۆرە مامەڵەمان كردوە، بەپێی یاسا ئەمڕۆ فەرمانی دەركردنەكەیمان بۆ دەركردوە".

سەرچاوەیەك لەوەزارەتی ئەوقاف ئەوەی بۆ رووداو روونكردەوە، كە مەلا شوان كوردی، دەرچووی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستانە، ئەو گوتی "بەپارەی خۆمان‌و لە ماڵی خۆماندا دوژمنێكمان پێگەیاند".

مەلا شوان كوردی، مەلای یەكێك لەمزگەوتەكانی ناحیەی دارەتووی نزیك هەولێر بوو كە ماوەی سێ مانگ لەوەپێش بەخۆی خێزان‌و كچەكانیانەوە چووە ریزی چەكدارانی داعش.

مەلا شوانی لەگرتەیەكی ڤیدیۆییەدا شەوی هێرشەكەی داعش بۆ سەر كەركوك هەڕەشەی گرتنی كەركوك‌و هەولێری دەكرد، بەڵام دواتر بڵاوكرایەوە كە ناوبراو بە دەستی پێشمەرگە كوژراوە. ئەگەرچی دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن ناوبراوەوە بڵاوكرایەوە كە ئەو نەكوژراوە.

ڤیدیۆكەی مەلا شوانی ببینە.




PM:02:18:01/02/2015