سەرۆکی پەرلەمان: گرنگە لە بەغدا کوردایەتی بکەین

  د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت"یەکەمجارە بەم شێوە، ڕێکخراوە لە بودجەی عێراقدا مافی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت، ئەمەش بۆ هەوڵ و کۆشش و تەبایی فراکسیۆنە کوردییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگەڕێتەوە، کە توانییان بەرگری لە بودجەی هەرێمی کوردستان بکەن و ڕیگە نەدەن لە بوجەدا مافەکانمان بوخرێت."

ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردن بوو لە شاندێکی باڵای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و شاندی فراکسیۆنە کوردییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، کە دوای نیوەڕۆی یەک شەممە ١-٢ سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە پێشوازیکران.

لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بە قۆناغەکانی دەنگدان لەسەر بوجەی عێراق و هەماهەنگی  و گیانی یەک تیمی فراکسیۆنە کوردییەکانی بەغدا کرد بۆ پارێزگاریی لە بودجەی هەرێمی کوردستان. لە بەشێکی تری وتەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتی "ڕاستە پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا نوێنەری چەند حیزبێکی جیاوازن، بەڵام هەمومان بە گیانی یەک تیمییەوە کار دەکەین و ئەمە خاڵی بەهێزی کارکردنمانە لە ئەنجومەنی نوێنەران.

پاشان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەستخۆشی لە شاندی میوان و پەرلەمانتارە کوردەکان کرد، هیوای خواست لەسەر ئاستی یاسادانان و لیژنە تایبەتەکان  پەیوەندیمان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە کار بکەین بۆ خزمەتی دۆزی میللەتەکەمان، گرنگە لە بەغدا کوردایەتی بکەین و پاریزەری مافەکانی کورد بین."

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان نوێنەرانی کورد لە بەغدا و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان درووست بکرێت بۆ هەماهەنگی بەدواداچوونی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند.




PM:04:52:01/02/2015