بارزانی: 800 پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا شەهید بوون

‌مەسعود بارزانی
مەسعود بارزانی ئاشكرایدەكات كە لەشەڕی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ چەكدارانی تیرۆریستی داعش تا ئێستا 800 پێشمەرگە شەهید بوون  كە 300یان ئەفسەری باڵان. هەروەها 3 هەزار چەكداری داعشیش كوژراون.

بارزانی سەرۆكی (ماوە بۆ درێكراوە)ی هەرێمی كوردستان لە چاوێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنی ئاماژە بە هەڵوێستی پێشمەرگەیەك دەكات، كە لەو دەمەی لە سەنگەری شەڕدا بووە هەواڵی شەهیدبوونی برایەكی و برینداربوونی باوكی پێگەیشتووە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە برایەكی دیكەی كردووە، كە ئەویش لە سەنگەری شەڕدا بووەو پێی گوتووە "لەگەڵ تەرمی براكەماندا بڕۆ ئەگەریش باوكم مرد بینێژەو بگەڕێوەو دوانەكەوی، منیش بەرەی جەنگ بەجێناهێڵم".

مەسعود بارزانی هاوكات چیرۆكێكی دیكە دەگێڕێتەوە، كە لە 17ـی مانگی رابردوو روویداوەو دەڵێ، شەهید ئەحمەد مزووری ناسراو بە شێخ ئەحمۆ پاڵەوانی ئەم چیرۆكەیە. ئۆتۆمبیلێكی بۆمبرێژكراوی داعش نزیكبوویەوە، ئەو كات مزووری چووە پێشەوە بۆ رێگرتن لە ئۆتۆمبێلەكە، بەڵام كاتی ئەوە نەمابوو. فەرمانی كردە سەربازەكانی خۆیان بدەن بەعەرزاو بڵاوەی لێبكەن لەو دەمە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەكە خۆی بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكەی ئەودا تەقاندەوەو شەهیدبوو و گیانی سەدان لە برادەرانی رزگار كرد.

ئاماژە بەوەشدەكات كە "کە هەموو دڵۆپە خوێنێك دەرژێ زیانێكی گەورەیە. بیهێنە بیری خۆت ئەو دەمەی كاتی بەیانی چاوت بە ئەفسەرێك دەكەوێت و بۆ ئێوارە هەواڵی شەهیدبوونیت پێدەگات. هەندێك جاریش كوڕی شەهیدە یان نەوەی شەهیدە".

بارزانی ئاشكراشی دەكات، كە پێشمەرگە تاوەکو ئێستا 800 شەهیدی داوە، كە 300ـیان ئەفسەری باڵان. دوو ئەفسەر بە پلەی لیواو 10ئەفسەری دیكەش بە پلەی عەمید شەهیدبوونە و جگە لە خاوەن پلەی جۆراوجۆری دیكە. "باجەكە زۆر گرانە، بەڵام دەبێ بدرێ، چونكە بەرگریكردنە لە بوونی گەلێك و كەرامەتی ئەو گەلە. بوونی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی مەترسییەكی زۆر ترسناك بووەتەوە، بەڵام من بە متمانەوە دەتوانم بڵێم دڕكی داعشمان شكاند و نزیكەی 17 هەزار كیلۆمتری دووجامان لە داگیركردن رزگاركرد".

مەسعود بارزانی هاوكات دەڵێ "زیانەكانی داعش زۆرتر لە سێ هەزار كوژراوە".
بارزانی هەروەها ستایشی قوربانییەكانی رۆڵەكانی كوردستان دەكات لە هەموو بوارێكدا. ئەوجا دەڵێ "شەڕەكە كاتێك دەستیپێكرد حكومەتەكەی مالیكی ناردنی مووچەی رۆڵەكانی هەرێمی راگرت. سەرەڕای ئەوەش، هاونیشتمانیان بەپەلە پاڵپشتی پێشمەرگەیان كرد، هەندێك جاریش خەڵكی دەوڵەمەند دەستپێشخەرییان كردو خۆراكی میحوەرێكیان بە تەواوی دابین كرد".




PM:02:16:03/02/2015