رۆژنامەی هەولێر کە رۆژنامەی پارتیە و ئەو حیزبە هەندێک شەڕی لەگەڵ لایەنەکانی تردا پێدەکات لەوتارێکیدا دەڵێت" تەنیا یەكێتی دەتوانێ ئاشووبگێڕیی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد راگرێ".
پاش بێدەنگییەکی دوو مانگی لەنێوان میدیا سێبەرەکانی پارتی و یەکێتیدا، سەرلەنوێ شەڕی میدیای ئەو دوو حیزبە دەستی پێکردەوەو ئەمرۆ بەناو چاودێرێکەوە لە رۆژنامەی هەولێر وتارێکی توند لەسەر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد نوسراوە تیایدا هاتووە" لە كاتێكدا داعش، وەكوو بەعسیەكان و فاشییەكان، بە هەموو وەحشییەتی خۆیەوە زانیویەتی كورد یەك نەتەوەیە. یەك پرۆژەی نیشتمانییە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و گەشەكردن و پایەداری. یەك مێژووە بۆ خەباتی رزگاری نیشتمانی، بۆیە یەك پرۆژەی داناوە بۆ قڕكردنی كورد. كەچی "شاناز ئیبراهیم ئەحمەد" تا ئێستا ئەو حەقیقەتە زۆر سادەیەی نەزانیوە و فێر نەبووە وەك نەتەوە سەیری كورد بكات. بەڵكو لەلای ئەو كورد ژمارەیەك حزبی بەیەكتر ناكۆكن كە دەبێ لە هەموو شتێكدا جیاواز بن و لە هەموو شوێن و بۆنەیەكدا بەیداخی خۆیان هەڵبدەن".
رۆژنامەی هەولێر دەڵێت: ئەم خاتوونە لەبەرئەوەی خاوەنی هیچ باكگراوندێكی سیاسی یان فیكری یان مێژوویەكی شایانی باس نییە، بۆیە دەبێ بۆ ناسینی كەسایەتی ئەو، تەنیا لە رێی ئەو نووسینانەوە شەنوكەو بكرێ كە جارجارە لێرەو لەوێ بڵاویان دەكاتەوە.
هەروەها هاتووە" شاناز یەكێكە لە ئەندازیارانی باڵباڵێنەی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەو مەتبەخەدا كار دەكات كە رۆژانە خۆراكی ژەهراوی لەبەریەكترازان بۆ بنكەی جەماوەریی یەكێتی ئامادە دەكات".
لە بڕگەیەکی تردا چاودێری رۆژنامەکە، دەڵێت" لە ماوەی رابردوودا خاتوو شاناز بۆ گەرمكردنی بازاڕی دووبەرەكی و فیتنەیی لەسەر ئاستی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش لەنێوانی یەكێتی و پارتیدا، هەموو سەروەرییەكانی یەكێتی نیشتمانی و كەرەستە و ئامڕازە سیاسی و راگەیاندنەكانی بەكارهێناوە. بەر لە دوو رۆژیش لە وتارێكی كرچوكاڵیدا كە لە ماڵپەڕێكی بێ ئەرزشدا بڵاوی كردۆتەوە، خوێنی شەهیدانی هێرشەكەی داعشی بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەری كەركووك بۆ هەمان مەبەست بەكارهێناوە".
وتارەکە باس لەوە دەکات کە حەوت مانگ زیاترە سەرۆكی هەرێم، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ كاك كۆسرەت رەسول جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و كاكە حەمەی حاجی مەحموود و سەدان فەرماندەی قارەمان و هاوپەیمانانی گەلی كوردستان راستەوخۆ سەرپەرشتی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن لە هەموو بەرەكانی جەنگ تا دەگاتە كۆبانێ. "هەر لەم ماوەیەدا خاتوو شاناز و هاوباڵەكانی سەرپەرشتی راستەوخۆی لەبەریەكهەڵوەشانی یەكێتی نیشتمانی و دووبەرەكی نانەوە و گێچەڵی ناوخۆییان كردووە".
لەدوا بڕگەدا هاتووە" ئەم ئاشووپگێڕییەی شاناز بە كەس راناگیری جگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. كە پێویستە و كاتی هاتووە بوێرانە بڕیار بدات هەم یەكێتی لە كاریگەرییەكانی بپارێزێ و رزگار بكات، هەم پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە".