لە هێرشەکەی دوێنێی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر شارۆچکەی وانکێ و چەندین گوندی تر داعش زیاتر لە٢٠ چەکداری کوژراو ٧ پێشمەرگەش شەهید بوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رۆژئاوای دیجلە بە سپی میدیای راگەیاند لە هێرشی ٦-٢ی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی وانکێ لەگەڵ شارۆچکەکەدا گوندەکانی دێرلک و مەشەرەف و دەواسەش ئازاد کران.
سەبارەت بەزیانە گیانییەکانی داعش، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو ئامارەی لەبەر دەست پێشمەرگەدایە داعش زیاتر لە ٢٠ چەکداری لێ کوژراوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو ژمارەیە لەبەرزبوونەوەدایە ئەگەر زانیاری لەسەر ئەو کوژراوانەی داعش دەستکەون کە کەوتوونەتە دەست هێزەکانی خۆیان.
سەبارەت بە زیانە مادییەکانی داعش، سەرچاوەکەی پێشمەرگە باسی لەوە کرد سێ ئۆتۆمبیلی پیکاب کە دۆشکەی لەسەر بووە سوتێنراوەو، پیکابێکی شۆفرلێتیش کەوتۆتە دەست پێشمەرگە.
سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەو شەڕە قورسەی دوێنێدا ٧ پێشمەرگە شەهیدبووەو ١٨ پێشمەرگەی تریش بریندارن.
لەگەڵ هێرشی هێزی پێشمەرگەدا بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان دەوری زۆر باشیان بینی لە شکاندنی هێزەکانی داعشدا.