بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسی وڵاتان كۆبووەوە
لە ڕۆژی دووەمی كۆنفڕانسی ئاسایشی جیهانی لەشاری میونیخ بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی وڵاتانی جیاجیا كۆبوونەوەو دیداری ئەنجامدا.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم ئەمڕۆ شەممە 7ـی 2ـی 2015 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ مەسعود بارزانی سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ خاتوو فیدریكا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا و بورگ برێند وەزیری دەرەوەی نەرویج و خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و ئێدوارد ناڵبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و تەممام سەلام سەرۆك وەزیرانی لوبنان كۆبووەوە.
لەم كۆبوونەوانەدا هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە و جیهان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كرا.
شایانی باسە لەم كۆبوونەوانەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێن و دڵشاد بارزانی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا یاوەری بارزانی بوون.
PM:03:14:08/02/2015