پەكەكە كشانەوەی گەریلاكانی لە باشوری كوردستان دەخاتە بەر باس


پارتی كرێكارانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا سەبارەت بە كشانەوەی گەریلاكانی لە باشوری كوردستان دەڵێت "پێش ئەوەی بڕیار لەسەر كشانەوەی گەریلاكانمان بدەین، چاوەڕێی هەڵوێستی هەموو حزب، تەڤگەر و لایەنە مەدەنیەكان دەكەین كە هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە بە ئاشكرا نیشان بدەن".


پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان، له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ چیتر پێنه‌دانی‌ ناسنامه‌ به‌ گه‌ریلاكان و كێشه‌ دروستكردن بۆیان له‌ كاتی‌ ئاڵوگۆڕكردنی‌ سه‌نگه‌ره‌كان مایه‌ی‌ قه‌بوڵكردن نیه‌.


دەقی راگەیەنراوەكە:

بۆ ڕایگشتی و گەلە وڵاتپارێزەكەمان
 
لەم ڕۆژانەی دواییەدا لە باشووری كوردستان و بەتایبەتی بەپێشەنگایەتی حزبێك بەشێوەیەكی نهێنی سیاسەت و پڕوپاگەندەی چەپەڵ و شاراوە دژی پارتەكەمان بەڕێوەدەچێت.
 
(ئێمە ئامانجمان پاراستنی حكومەتی باشوورە)
 
گەلەمان لە باشووری كوردستان شاهیدی زیندووی تێكۆشین و ئەخلاق و ژیانی هێزی گەریلا و پارتەكەمانن‌، تا ئێستاش ئێمە بەرژەوەندیەكانی گەل، ئازادی و دەستكەوتەكانی مان بە بنەماگرتوە، لەبەرامبەر هێرشی چەتەكانی داعش لەدۆخێكی هەرە هەستیاردا بە ماوەیەكی كەم هێزەكانی گەریلامان گەیاندە، شەنگال، مەخموور، كەركوك و شێخان، تەنها ئامانجی ئێمەش پاراستنی هەبوونی گەلەمان لە باشووری كوردستان، ئازادی و دەستكەوتەكانیان ، خاك و حكومەتی باشوورە، لەدەرەوەی ئەو ئەو بانگەشانەی گوایە هەوڵی دروستكردنی كێشە و گرفت بۆ حكومەتی باشوور و پارچەكردنی باشوور دەكەن ، دوورن لە ڕاستیەوە، ئێمە وەك تەڤگەرەكەمان هەمیشە گەلی باشوور و دەستكەوتەكانیمان پاراستوە، ئەوەشمان وەك ئەركێكی نەوتەوەیی ‌سەر شانمان زانیوە، ئەمڕۆ گەریلاكانمان بە كەمترین ئیمكان، بەڕۆحی فیدایی و قارەمانێتی لەباشوور بەرگری دەكەن و زەبری گەورە لە چەتەكانی داعش دەدەن، تا ئێستاش هێچ پێداویستیەكی سەربازی، یەك چەك و یەك گولەیان نەداوە بەو گەریلایانەمان كە بەرامبەر داعش شەڕ دەكەن، ئێمە لەشەڕی دژە داعش دا بێئەوەی چاوەڕێی هیچ شتێك بكەین، شەڕ لە پێناو گەلەكەمان دەكەین.
 
ئێمە وەك تەڤگەرێك كە زۆرێك شەهیدمان داوە و شەڕ دەكەین، تا ئێستاش لە باشووری كوردستان لە شەرت و مەرجێكی بێ ناسنامە و بێ ستاتۆدا تێدەكۆشین، ئەمە لەكاتێدایە كە هیچ ناسنامەیەكیان بە تەڤگەرەكەمان نەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكانمان كە دژی چەتەكانی داعش شەڕ دەكەن لەكاتی ئاڵوگۆڕی جێگاكانیان، كێشە و كۆسپ و تەگەرەیان بۆ دروست دەكەن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا گەریلا لەپێناو گەلەكەیاندا شەڕ دەكەن، هەر لەگەڵ ئەوەشدا ڕەوایی نەكردنی تەڤگەرەكەمان و نەدانی ناسنامەیەك بۆ هاتووچۆی هێزەكانمان لە باشوور، چیدی مایەی قبوڵ كردن نیە.
 
(ئێمە هیواكانی داعش مان لە گەرویاندا تاساند)
 
گەریلاكانمان لە شەنگال بۆ بەرگرتن بە سەرلەنوێ كۆمەڵكوژی كردنەوەی ئێزدیەكان، بۆ بەرگرتن لە داگیركردنی كەركوك و پاراستنی ئاسایشی هەولێر، شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە بەرخۆدان و بەرگریان كردوە، ئێمە هیواكانی داعشمان لە گەرویاندا تاساند، كاتێك قسەبێتە سەر پاراستی هەبوون و ئازادی گەلەكەمان، بێ ئەوەی هیچ پارچەیەك لەبەرچاو بگیرن، بەرخۆدان بۆ ئێمە دەبێتە ئەركێكی نەتەوەیی و سیاسی و ئەخلاقی.
 
(پڕوپاگەندەی چەپەڵ بەڕێوەدەبەن)
 
ئەوكاتەی گەلەكەمان لە شەنگال بۆ پاراستی خۆی و بەڕێوەبردنی خۆی، ئیرادەی دیموكراتی خۆی بەرفراوان كرد و ئەنجومەنێكی بۆ خۆی ئاواكرد، یەكسەر دوای ئەوە دەستیان كرد بە پڕوپاگەندەی ڕەشكردنی تەڤگەرەكەمان، بانگەشەی ئەوەیان لەناو خەڵكدا بڵاو دەكردەوە كە گوایە پەكەكە تیرۆریسە و هێزەكانی گەریلا داگیركەرن‌، بانگەشەی درۆ و چەواشەیان دەكرد گوایە پەكەكە دژی حكومەتی باشوورە و دەیەوێت باشوور پارچەبكات، بۆئەوەش هەوڵ دەدەن هەموو حزب و ڕێكخستنەكان و حكومەتی باشوور و گەلەكەمان بدەن بە گژ تەڤگەرەكەماندا.
 
ئێمە ئەم دۆخە بەگرنگ دەبینین، ئەو گەریلایانەی بەرامبەر فاشیزمی چەتەكانی داعش شەڕ بۆ هەبوون و ئازادی گەلەكەمان دەكەن، شەهید دەبن و بەرگری دەكەن، لەبەرامبەردا پڕوپاگەندەی بەتیرۆریست و داگیركەر نیشاندانیان، لەلایەن هیچ هێزێكی خاوەن ویژدانەوە قبوڵ ناكرێت و رەوشێك نیە شایانی پەسەند كردن بێت.
 
)كشانەوەی گەریلاكانمان خستوەتە بەر باس(
 
ئێمە لەبەرامبەر هەموو ئەم هەڵمەتە نەرێنی یانە، كشانەوەی ئەو گەریلایانەمان خستوەتە بەرباس كە بەرامبەر چەتەكانی داعش شەڕ دەكەن، گفتوگۆكانمان لەو بارەیەوە بەردەوامە، بەڵام بۆچوونی گەلەكەمان لە باشووری سەبارە بەكشانەوەی گەریلا و ئیرادەی ئەوان بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتی گەلەكەمان لەسەر شانە، بەهەمان شێوە پێش ئەوەی بڕیار لەسەر كشانەوەی گەریلاكانمان بدەین، چاوەڕێی هەڵوێستی هەموو حزب، تەڤگەر و لایەنە مەدەنیەكان دەكەین كە هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە بە ئاشكرا نیشان بدەن.
 
ئێمە بەئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین هەموو گەلە وڵاتپارێزەكەمان، هەموو ڕێكخستن، دەزگا و كەسایەتیەكان بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا لەو پێشكەوتنانە ئاگاداربكەینەوە.
 
جارێكی تر دەڵێین، شەرت و مەرج و كێشەكان چی دەبن باببن، ئێمە هەمیشە بە ئیرادەی گەلەكەمانەوە پەیوەستین و لەپاڵ گەلەكەمانداین.
 
هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوبەری كەجەكە
08.02.2015





PM:03:21:08/02/2015