لیژنەی كۆنگرەی یەكێتی دەستبەكاربوو

سەرچاوەیەكی تایبەت، ئەمرۆ پێنجشەممە، ئاشكرای كرد دوێنێ‌ دەستەی كارگێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ لیژنەی كۆنگرە كۆبونەوەو بڕیاریاندا دەستبەكاربن بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكەیان.

سیەرچاوەكە تایبەت بە سپی میدیای ڕاگەیاند كە دەستبەكاربوونی لیژنەی كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكاتێكدایە كە رۆژی شەممە، دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ تەواوی لیژنەكانی تر كۆدەبنەوە تاوەكو دەستبەكاربن.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لیژنەكان لەگەڵ تەواوبونی ڕاپۆرتەكانیان دەگەڕێنەوە بۆ لای لیژنە چوار قۆڵییەكە كە بریتین لەكۆسرەت رەسول عەلی و دكتۆر بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو مەلا بەختیار.

كۆتایی ساڵی ڕابردوو هەردوو جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كۆسرەت رەسول عەلی و دكتۆر بەرهەم ساڵح نامەیەكیان سەبارەت بە چاكسازی نارد بۆ مەكتەبی سیاسییەكەیان و تیایدا ئاماژەیان بەكێشەكانی ناو یەكێتی و هەنگاوەكانی چارەسەری كردبوو، پاشان هەردوو باڵی ناو یەكێتی بڕیاری دروستكردنی چەند لیژنەیەكیان دا، لەوانە لیژنەی دارایی و كۆنگرەو ئەمنی، بەڵام ئەم لیژنانە هیچیان ئەكتیف نەكران.

سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ یەكەمین جار لەدوای ئەو نامەیە هەردوو جێگرەكەی یەكێتی و  هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو مەلا بەختیار كۆبونەوەو بە فەرمی لەلایەن میدیاكانی یەكێتییەوە كۆبونەوەكە بەئیجابی وەسف كراو تیایدا بڕیاریان لەسەر ئەكتیفكردنی لیژنەكان دابوو، بەڵام بەبێ‌ ئەوەی وادەی ئەكتیفبوونەكەیان دەستنیشانبكەن.

ئەم هەنگاوانەی هەردوو باڵی ناكۆكی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكاتێكدایە، وابڕیارە لەئایندەیەكی نزیكدا قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران نێوەندگیری خولێكی تری كۆبونەوەكانی هەردوو باڵەكە بكات.
 



PM:02:18:12/02/2015