سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د.یوسف محەمەد سادق دەڵێت"هاوکێشە نیوەدەوڵەتییەکان گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە، کورد دەتوانێت لە ململانێی ناوچەکەدا سود لەو ململانێیە وەربگرێت، چونکە ئەو وڵاتانەی لە ڕابردودا کوردستانیان دابەشکرد، ئێستا دۆستی ئێمەن. گەورەبوونی داعش هێما بۆ فەشەلی دەوڵەتی عێراق و دەرەنجامی کێشە کەڵەکەبووەکانی ڕابردووی عێراقە".
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانی کۆڕێکی کراوەدا بوو، کە شەوی ڕابردوو، فیدراسیۆنی کۆمەڵە و ڕیکخراوە کوردییەکانی ستۆکهۆڵم بۆیان سازکرد و ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەندی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی لە پەرلەمان ئامادەی بوون.
لەسەرەتای کۆڕەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان، باسی بارودۆخی ئابوری و سیاسی و شەڕی دژ بە تیرۆرستان و ئازایەتی پێشمەرگە لەو شەڕەدا کرد. ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕیت. سوپاسی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد کە خۆڕاگرانە دانیان بەخۆیاندا گرتووە و ماوەی نزیکەی ساڵێکە موچە لەکاتی خۆیان وەرناگرن، ڕەخنەشی لەوەگرت کە لە رابردوودا لە هەرێمی کوردستان تەنها پشتمان بە نەوت بەستووە، بۆیە تووشی ئەم قەیرانە بووین، لەبارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش سەرۆکی پەرلەمان وتی "ئێستا پێشمەرگە بووتە سیمبوڵی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە جیهاندا، لە هەمانکاتیشدا داعش وانەیەک بوو بۆ هەمومان کە دەبێت چاکسازییەکی ڕیشەیی لەسەرجەم بوارەکاندا بکەین.
لەکۆتایی کۆڕەکەشدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، داوای لە ڕەوەندی کوردی کرد هاوکاری هەرێمی کوردستان بن لە بوارە جیاوازەکاندا و فشارییان لەسەر وڵاتەکانیان زیاتر بێت بۆ پشتیوانی هەرێمی کوردستان.