بارزانی له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرۆی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌فدی دانوستانکار رایگه‌یاندووه: پێویسته خاڵه‌كان و دۆخه‌كه زۆر به باشی دیراسه بكرێن و ئه‌گه‌ر عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی كێشه‌ی جددی هه‌بێت له بواری دارایی، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا پێكه‌وه دابنیشن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، هاوکات ده‌شڵێت" وه‌فده‌که له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان کۆ ببنه‌وه".
ماڵپه‌ڕی فه‌رمی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ده‌رباره‌ی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی 17-2 سه‌لاحه‌دین بڵاویکردۆته‌وه" پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مرۆ 17ـی 2ـی 2015 له سه‌ڵاحه‌ددین، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی دانووساندنكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆبووه‌وه كه پێكهاتبوو له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان، عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندانان و رێباز محه‌مه‌د حه‌ملان وه‌زیری دارایی".
له ماڵپه‌ره‌که‌دا هاتووه : له كۆبه‌نه‌وه‌كه‌دا، شانده‌كه راپۆرتی خۆی ده‌رباره‌ی سه‌ردانیان بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و مه‌سه‌له‌ی بودجه و كێشه داراییه‌كان و هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه بۆ سه‌رۆك بارزانی خسته‌ڕوو.
هه‌روه‌ها هاتووه "دوای ڕاگۆڕینه‌وه و تاوتوێكردنی ئه‌و راپۆرته، بارزانی تێبینی و رێنوێنی پێویستی له‌مباره‌یه‌وه دا و جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه پێویسته خاڵه‌كان و دۆخه‌كه زۆر به باشی دیراسه بكرێن و ئه‌گه‌ر عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی كێشه‌ی جددی هه‌بێت له بواری دارایی، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا پێكه‌وه دابنیشن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان".
له ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه، قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی كوردستان خرایه به‌رباس و ئه‌و بۆچوونانه‌ی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه و گرتنه‌به‌ری ئیجرائاتی پێویست پێشكه‌ش كراوه، قسه‌ی له‌باره‌یه‌وه كرا.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس له‌وه كرا كه شانده‌كه له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه بۆ گه‌یاندنی ئه‌نجامی دانووستاندنه‌كان و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه.
هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی مه‌یدانی به‌ره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه بوو.