٢٠ گوند ماوه ئازاد بكرێن،چواره‌م كاروانی پێشمه‌رگه دەگاتە كۆبانێ
فه‌رمانده‌یه‌كی ھێزی پێشمه‌رگه له كۆبانێ ده‌ڵێت، ته‌نیا ٢٠ گوندێك ماوه ئازادیان بكه‌ن و پێشڕه‌ویكردنیشیان به‌رده‌وامه، جه‌ختیشده‌كاته‌وه، كه ئه‌م هه‌فته‌یه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ھه‌رێمی كوردستان و چواره‌م كاروانی ھێزی پێشمه‌رگه ده‌گاته كۆبانێ.
نه‌قیب (ڕزگار به‌ھرام) له فه‌رمانده‌كانی ھێزی پێشمه‌رگه له كۆبانێ به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "شه‌ڕ له كۆبانێ به‌رده‌وامه و به چڕی مۆڵگه‌كانی تیرۆرستانی داعش تۆپباران ده‌كه‌ین و شه‌ڕڤانانیش به‌رده‌وام ده‌چنه پێشه‌وه" ده‌شڵێت: له‌كۆی ٣٧٦ گونده‌كه‌ی كۆبانێ، هه‌ر ٢٠ گوندیان ماوه، ئازادی بكه‌ین."
نه‌قیب (ڕزگار به‌ھرام) وتیشی: "ئه‌و گوندانه‌ی كه ماون ئازاد بكرێن ده‌كه‌ونه لێواری ڕووباری فورات و گونده‌گانی دیكه ھه‌مووی ئازاد كراون".
له‌باره‌ی كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ھه‌رێمی كوردستان (به‌ھرام) ئاشكرای كرد، چواره‌م كاروانی ھێزی پێشمه‌رگه ناونووس كراوه و ئاماده‌ن، ڕه‌زامه‌ندیی توركیاش وه‌رگیراوه؛ ته‌نیا ماوه بكه‌ونه ڕێ به‌ره‌و كۆبانێ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تاوه‌كو ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه، بگه‌نه كۆبانێ و ئێمه‌ش بگه‌ڕێینه‌وه ھه‌رێمی كوردستان
PM:01:16:21/02/2015