داوای كۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت
رێكخراوی سكاڵاو چاودێری لە بەیاننامەیەكدا داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان دەكات.
دەقی بەیاننامەكە:
بەرێزان / پەرلەمانی كوردستان لە رێگای نوسیگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان
بەرێزان / ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان
بابەت / یاداشت
زیاتر لە ساڵێكە هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێدەپەرێت ، بەهۆیەوە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دروست كردووە سەرجەم جومگەكانی پەكخستووە ، وەك لای هەموان ئاشكرایە زۆرینەی خەڵكی كوردستان مووچە خۆرن لەماوەی ساڵی رابردوودا نەبونی مووچە و دابەش نەكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا فشارێكی دارایی زۆری بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان دروست كردووە بە هەست كردنی بەبەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەم بارودۆخە نەخوازراوە هاوڵاتیان بەگشتی هاوكارێكی باشی حكومەتەكەیان بوون بەڵام بەداخەوە ئەم بەپرسیارێتییە بۆ چارەسەر كردنی ئەم قەیرانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدی ناكرێت ئەم نیگەرانی زۆری جەماوەری بەدوای خۆیدا هێنا و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە و ئەگەر چارەسەری بەپەلە نەدۆزرێتەوە و لایەنی كەمتەرخەم و بەرپرس لەم بارودۆخە دەست نیشان نەكرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ نەكرێت نارەزاییەكان فراوانتر دەبێت
بۆیە داواكارین لە بەرێزتان كۆبونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام بدەن گەنگەشەی بكەن و چارەسەری بە پەلە بۆ بدۆزنەوە و بەپەلە بەسەر دەرئەنجامی وەفدی دانوستانی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد بخەنە بەرباس و لێكۆلینەوە لایەنی كەمتەرخەم و بەرپرس لە یاری كردن بە قوت و مووچەی هاونیشتمانیان دەست نیشان بكەن تا ئاست لێسەندنەوەی متمانە
گرنگترین داواكارییە بنەرەتییەكان بریتین لە :
1- بانگێشت كردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری سامانە سروشتییەكان و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان و وەفدی دانوستانكاری كورد لەگەڵا بەغداد بۆ پەرلەمانی كوردستان بەمەستی لێپرسینەوە تا ئاستی وەرگرتنەوەی متمانە
2- پێكهێنانی وەفدێكی نیشتمانی بۆ دانوستان بەبەشداری سەرجەم لایەنەكانی كوردستان لەژێر چاودێری پەرلەمانی كوردستان
3- پێداچونەوە بە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان و شەفافیەت لە بریاردان و هەناردەكردنی داهاتی نەوت و داهاتی گشتی
4- ئەگەر پەرلەمانی كوردستان لە بانگێشتكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەفدی كوردی بۆ دانوستان لایەنی كەمتەرخەمی بۆ دەركەوت پێویستە متمانەی لێوەربگرێتەوە لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت رێككاری یاسایی توندی بەرامبەر بگیرێتە بەر
پێویستە پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاران لە دەرئەنجامی كۆتایی بانگێشتكردنەكە و لێپرسینەوەیان بۆ رای گشتی بخەنە روو لەكاتی دروست بونی هەر بەربەست و دەستێوەردانێكی لایەنە سیاسییەكان و هەر بەربەستێكی دیكە كە رێگر بێت لەبەردەم متمانە لێوەرگرتنەوە و لێپرسینەوە پێشنیار دەكەین
1- هەوڵدان بۆپێكهێنانی حكومەتێكی بنكەبچوكی نائاسای (حكومەتی ئەزەمات) كەدەسەڵاتێكی فراوانی بڕیاردانی لە ژێر چاودێری پەرلەمان پێبدرێت بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر چارەسەری خێرا بۆئەم دۆخە نەخوازراوە ناسەقامگیرەی كوردستان لە هەمو ڕویەكەوە
2- هەڵوەشاندنەوەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت
رێكخراوی سكاڵا و چاودێری
22/2/2015
PM:04:55:22/02/2015