سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د.یوسف محەمەد سادق،لە میانی پێشوازیکردن لە نیكۆلای ملادینۆڤ، نێراوی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، سوپاسی نەتەوەیەکگرتووەکانیکرد کە ڕۆڵی هەبوو لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا و نزیکبوونەوەی هەرێم و بەغدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، 2-3 نیكۆلای ملادینۆڤ، نێراوی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێکی یاوەری سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان پێشوازیکران.
لهو کۆبوونهوهیهدا سهرۆکی پهرلهمان ئاماژەی بەوەدا ئێستا هەرێمی کوردستان لەشەڕێکی گەورەدایە دژ بە "تیرۆرستان"، بۆیە دەبێت حکومەتی بەغدا و هەمو لایەک ڕۆڵی پێشمەرگە لەبەرچاو بگرن.
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بە پێکهێنانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکان و لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان لەسەر پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان کرد و داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد لەم دوو لایەنە گرنگەدا هاوکاری پەرلەمانی کوردستان بکەن.
لەسەرەتای وتەکانیدا نیكۆلای ملادینۆڤ وتی "من بۆ ماڵئاوایی هاتووم، دڵگرانم کوردستان جێدێڵم، هەست دەکەم کوردستان وڵاتی منە و دڵم بە سەرکەوتن و گەشەکردنەکانی خۆشە، ئێوە قوربانیتان زۆرداوە تا بەم ڕۆژە گەشتوون، بە هەمو دونیا دەڵێم هەڵەبجە سیمبوڵی جینۆسایدی کوردە".
لەبەشێکی تری وتەکانیدا، ملادینۆڤ وتی " عێراقییەکان دەتوانن پێکەوە بژین، ئەگەر وڵاتانی دراوسێ دەستلەکارەکانیان وەرنەدەن.ئەم بارودۆخەی عێراق بەردەوام بێت دەترسم عێراقیش وەک سوریای لێبێت.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، وەڵامی ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.