ئارام شێخ محەمەد: بەغداد كەمتەرخەمە لەئاستی پێشمەرگە
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێویستی دەزانێت هەولێر و بەغداد پابەندبن بەڕێكەوتنەكەی نێوانیان، بەغداش بەكەمتەرخەم وەسفدەكات لەبەرامبەر پێشمەرگە.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی ئارام شێخ محەمەد رایگەیاند: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەنوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری بەغدا پێشوازیكرد لە (د.مارك باریتی) بالیۆزی فەرەنسا لەعێراق.
لەدیدارێكدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕۆشنایی خستە سەر ئەو یاسا گرنگانەی گەیشتونەتە پەرلەمانی عێراق، لەنمونەی یاسای پاسەوانی نیشتمانی و لێپرسینەوەو دادپەروەری، كە بەشێكی گرنگن لەوەسیقەی سیاسی پێكهێنانی حكومەت و بەپەسەندكردنی زۆرێك لەكێشە كەڵكە بووەكان چارەسەر دەبن.
لەبەشێكی تری دیكدارەكەدا، ئارام شێخ محەمەد ڕایگەیاند: ئەوەی مایەی نیگەرانیە، تائێستا بەغدا پابەندنەبووە بەدابینكردنی مافەكانی پێشمەرگە نەك هەر لەڕووی تفاق و كەرەستەی سەربازی، تەنانەت لەڕووی مووچەشەوە، لەكاتێكدا بەپێی دەستور پێشمەرگە بەشێكە لەسیستمی بەرگریی عێراق.
ٍلەبارەی ڕێكەوتنەكەی هەولێر و بەغداش، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: هەرلایەوەو پاساوی خۆی هەیە، بەپێویستیشی زانی پەلەبكەن لەكۆتایهێنان بەكێشەكان و نەهامەتیەكانی خەڵك، ڕاشیگەیاند: ئەوەمان بەڕاشكاوی بەهەردولایان ڕاگەیاندووە.
ستایشی حكومەتی فەرەنساشی كرد، لەهاوكاریكردنی حكومەتی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، لەشەڕی ڕوبەڕووبونەوەی تیرۆر.
تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە تایبەت بوو بەگفتوگۆكردن لەسەر پرسی ئاشتەوایی نیشتمانی، كە لەئێستادا بەهێواشی دەڕواتە پێشەوە، لەوبارەیەوە، ئارام شێخ محەمەد بەگرنگی زانی هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق كاری جدی بكەن بۆ چالاككردنی پرۆسەكە، چونكە بەبێ هاوكاری و خواستی سەرجەم لایەنەكان پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی بەئەنجام ناگەیەنرێ.
لای خۆیەوە، بالیۆززی فەرەنسا لەعێراق، ڕایگەیاند: بۆ وڵاتەكەی گرنگە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی هەبێت لەگەڵ پەرلەمانی عێراق بەوپێیەی سیمبولی دیموكراسیە، تەئكیدیشی كردەوە لەوەی، هەرچیەكیان پێبكرێت بۆ هاوكاریكردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە درێغی ناكەن، لەپێناو گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ وڵات و بەرەو پێشبردنی پرۆسەی سیاسی.
PM:01:52:15/03/2015