ئۆجەلان نامەی تایبەت بۆ تاڵەبانی‌و بارزانی دەنوسێت

عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان دوو نامەی تایبەتی بە جیاجیا بۆ هەریەك لە تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و مەسعود بارزانی، سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستان نوسیوە.

سێری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی پەرلەمانی توركیا ئەمرۆ یەكشەممە رایگەیاند كەعەبدوڵا ئۆجەلان دوو نامەی بۆ تاڵەبانی‌و بارزانی نوسیوە.
ئۆندەر كە وتەبێژی ئەو شاندەیە سەردانی ئۆجەلانیان لە ئیمرالی كردبوو، رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ لەلەیلا زانا، نوێنەری پەرلەمانی توركیا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

سورەیا ئۆندەر وتیشی لەو سەفەرەدا چاویان بە تاڵەبانی‌و بارزانی دەكەوێت‌و نامەكانی ئۆجەلانیان پێشكەش دەكەن.

ئۆندەر ئاماژەی بەوەشدا كە دیدارەكانیان لەگەڵ تاڵەبانی‌و بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكانی دیكە لەسەر بەڕێوەچوونی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد‌و گۆڕانكارییەكانی كوردستان‌و رۆژئاوای‌و كوردستان‌و شەڕی داعش‌و یەكڕیزی كورد دەبێت.

وتیشی: ئەم وەفدەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆچوونەكانی ئۆجەلان بە تاڵەبانی‌و بارزانی‌و باقی لایەنە سیاسییەكانی دیكە رادەگەیەنن.




PM:03:37:15/03/2015