مەسرور بارزانی: میلیشیا شیعەكان لە داعش مەترسیدارترن

‌مەسرور بارزانی
راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هاوكاری میلیشیا شیعەكانی سەر بەئێران لەگەڵ سوپای عێراق لەشەڕی دژە داعش نیگەرانی دەردەبڕێت.

مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ (BBC) رەخنە لە حكومەتی عێراق دەگرێت‌و دەڵێت: "دروستكردنی حەشدی شەعبی لەشەڕ لەگەڵ داعش دەتوانێت كێشەیەكی زۆر گەورەتر لەداعشی بەدواوە بێت".

مەسرور بارزانی لە وتووێژ لەگەڵ جیم میور، پەیامنێری بی بی سی، جەخت لەسەر ئەو دەكاتەوە كە دەبێت هەموو عێراقییەكان لەشەڕ لەگەڵ داعش یەكگرتوو بن، بەڵام ئەگەر ئەم تۆڵەسەندنەوەیە لەسەر بنەمانی مەزهەبی‌و ئیتنی بێت، ئەم دۆخە هەلومەرجێكی زۆر دشوارتر دروست دەكات.

ئاماژەی مەسرور بارزانی بەو راپۆرتانەیە كە باس لەوەدەكەن سەركردەكانی حەشدی شەعبی هەڕەشەیان كردوە بۆ تۆڵەسەندنەوەی كوشتاری شیعەكان لەلایەن داعش، ئەوانیش تۆڵە لە عەشیرە‌و هۆزە سوننەكانی عەرەب دەكەنەوە.

بارزانی باس لەوە دەكات كە حكومەتی عێراق بودجەی میلیشیا شیعەكان بەزۆری دابین دەكات، بەڵام یارمەتی دارایی هێزی پێشمەرگە ناكات. ئەو دەڵێت "لەكاتێكدا كە حكومەتی عێراق بودجەی ئیدارەی موسڵ‌و ناوچەكانی پارێزگای ئەنبار كە لەژێر كۆنترۆڵی داعشدایە، دابین دەكات، بۆچی موچەی پێشمەرگە دەبڕێت؟ دەبێت پرسیار بكەین هاوپەیمانی حكومەتی ناوەندیی كێیە؟‌و مەگەر كورد‌و حكومەتی ناوەندی عێراق لەو شەڕدا هاوپەیمانی یەكتر نین"؟




AM:11:58:18/03/2015