بەیاننامەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە

پاش شەهیدکردنی 3 پێشمەرگە لە دیلەکانی دەستی داعش لە رۆژانی رابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بە توندی مەحکومی کردووە.

دەقی بەیاننامەكە:

هەواڵی شەهیدبوونی هەرسێ پێشمەرگەی قارەمانی گەلەکەمان، شەهیدان (هیشام نەبیل، پشتیوان عوسمان و ڕزگار حەمە ساڵح)  بە دەستی تیرۆریستانی داعش، بەو شێوە دڕندە و نامرۆڤانەیە، هەموو کوردستانییان و مرۆڤدۆستانی دڵتەنگ و خەمبار کرد. دیلکوشتن بەو شێوازە وەحشیگەرییە، کە دوورە لە هەموو بەها و پرەنسیپێکی مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقی، کارێکە تەنها لە فەرهەنگی داعش و تیرۆریستانی هاوشێوەیاندا جێگەی دەبێتەوە. ئێمە لە کاتێکدا بە توندی ئەم تاوانە دڕندانەیە شەرمەزار و ڕیسوا دەکەین، دڵنیاین کە تیرۆریستان باجی گەورەی ئەم کارە دڕندانانەیان دەدەن و دەستی دادوەری هەر دەبێ بیانگاتێ. دەبێ تیرۆریستان بزانن کە به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ خوێنی ڕۆڵەکانمان خۆش نابین و بەرامبەر بەم تاوانه‌یان، دەبێ چاوەڕوانی سزای گەورە بن.

سەری ڕێز و وەفا بۆ ئەم سێ شەهیدە قارەمانەمان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان داده‌نوێنین و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە سەربەرزەکانی (شەهید نەبیل) و (شەهید پشتیوان) و (شەهید ڕزگار) و سەرجەم کوردستانییان دەکەین.

دروود بۆ گیانی پیرۆزی سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

٢٢-٣-٢٠١٥




PM:02:41:22/03/2015