یەكێتی: بە داواكەی پارتی رازی نەبووین

پرسی دیاریكردنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە تا ئێستاش بەردەوامە‌و ئەندامێكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتیش دەڵێت: بەوداوایەی پارتی رازی نەبووین كە داوای پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن دەكات.

لەمبارەیەوە لەتیف شێخ عومەر لێپرسراوی مەڵبەند و ئەندامی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی بۆپێکھێنانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی، ڕەتیکردەوە بەزارەکی ڕازیبوونی خۆیان بەپێدانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە بەپارتی ڕاگەیاندبێت و بۆ SNN دەڵێت: نەخێر ڕازی نەبووین، ھیچ شتێکی وەھا لەئارادا نییە، بەپێی ئەو نامە ھاوبەشەی لەگەڵ گۆڕان بۆمان نووسین پارتی بەشی خۆی بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن وەرگرتووە.

پێشتر فازل بەشارەتی بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەھەڵەبجە ئاماژەی بەوەدابوو کە ئێستا وازیان لەوەرگرتنی پۆستی قایمقامی ناوەندی ھەڵەبجە ھێناوە، داوای پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە دەکەن.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١١ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، تائێستا نەتوانراوە پۆستەکانی پارێزگای ھەڵەبجەو پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی ئەو پارێزگایە یەکلابکرێتەوەو لایەنەکانیش یەکدی بەھۆکاری دواکەوتنی ئەو پرسە گرنگە دەزانن.




PM:02:09:24/03/2015