"ئەوەی مەلا بەختیار دەیكات قوڕێكی خەستترە بۆ یەكێتی"
مەلا كامەران سەبارەت بە وتەكانی مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لە كۆنفرانسیدا لەسلێمانی، دەڵێت: ئەوەی مەلا بەختیار و هاوبیرە موفلیسەكانی دەیكەن هیچ نیە جگە لە قوڕێكی خەستر كە بۆ یەكێتیە بەدبەختەكەی "مام"ی دەگرنەوە.
پاش ئەوەی لە رۆژانی پێنجشەممەو هەینی رابردوو كۆنفرانسێك لە ژێر ناوی "ئایین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەمووان" لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو و تێیدا مەلا بەختیار كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەوتەیەكدا باسی لە جودایی دینو لەحكومەت كرد، حیزبو لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان ناڕەزاییەكی زۆریان دەربڕی.
لەمبارەیەوە مامۆستا مەلا كامەران عەلی، لەپۆستێكدا بەناونیشانی (ئەوەی ملا بختیار کردویهتی و دەیكات)كە لەپەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی كردوتەوە رایگەیاندووە: هەمووان ئەم پیاوە بە هەڕەشەو گوڕەشە شەڕەنگێزو شوومیەكانی دەناسین!!، هەموان دەزانین ئەم پیاوە تەنها بەڵاو بەد بەختیەو هیچی تر ، ئەویش نەك بۆ ئیسلام و موسڵمانان یان غەیرە یەكێتیەكانی وەك گۆڕان و پارتی و....هتد، بەڵكو تەنها بۆ گیانی یەكێتی، ئەوەی سەرسەخترین دوژمنی : "مام جلال" و یەكێتی نەیتوانیوە بیكات بە یەكێتی ئەو كردویەتی، كورد گوتەنی: "پیاو دۆستی وای هەبێت دوژمنی بۆ چیە؟!" .
ئەو دەشڵێت: من دڵنیام ئەگەر "مام جلال" وەك جاران دەنگ و ڕەنگی هەبوایە ئێستا دەمێك بوو ئەم كابرایە بێدەنگ كرابوو، دڵنیام "مام جلال "بەتایبەتی لەدوای بوون بەسەرۆك كۆماری عێراق و دوورکەوتنەوەی لەم جۆره عەقڵیێت و دەم و چاوانه زۆر ڕای گۆڕابوو بەرامبەر خودی ئیسلام و هێزە ئاینیەكانیش بەگشتی و زۆر باش حاڵیبونی هەبوو، جەنابیان زۆر ڕێزیان لە شەریعەتی ئیسلام و زانایانی ئاینی و مزگەوت و پیرۆزیەكان دەگرت و ڕۆڵی ئیسلامی زۆر بەرز دەنرخاند لە ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و كلتوری ئەم میللەتەدا. ئەو دەیزانی كاروانی ئیسلام زۆر لەوە گەورەترە که بە پەنجەی لەرزۆکان ڕاوەستێت! .
مەلا كامەران ئاماژە بەوەش دەكات: بەهەرحاڵ ئەوەی مەلا بەختیار و هاوبیرە موفلیسەكانی دەیكەن هیچ نیە جگە لە قوڕێكی خەستر كە بۆ یەكێتیە بەدبەختەكەی "مام"ی دەگرنەوە، به بڕوای ئێمه لە ئێستادا یەكێتی هەلومەرجی ئەو شەڕەی نیە دژ بە خودا و پێغەمبەرو قورئان و مەلاو مزگەوت و خەڵكی موسڵمانی ئەم وڵاتە بیکات، بەڵام مەلا بەختیار و هەندێ لە ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی دەیانەوێ یەكێتی بگلێنن بەشەڕێکی نەخوازراوی ترەوه تا بەهۆیەوه ئاشتی کۆمەڵایەتی بشێوێ! .
وتیشی: بۆیە دەبێـت خەمخۆران و دەست ڕۆشتوانی ناو یەكێتی بەتایبەتی خانەوادەی "تاڵەبانی " سنورێك بۆ ئەو بێڕێزیكردنەی ئەو کابرایه بە خودی ئیسلام و پیرۆزیەکانی ئەم میللەته دابنێن تا ئەوەشی ماویانە لەدەستیان نەداوە، من دڵنیام لە ئێستادا هەموان بەتایبەتی مامۆستایان و زانایانی ئاینی وەك پێزانینێك بۆ ڕۆڵ و ماندووبونی " مام جلال " هاوسۆزی وپەرۆشیەكیان بۆ دۆخی تایبەت و تەندروستی "مام جلال" هەیە، ئەو که ئێستا لە لێواری مەرگدایە، بەڵام ئەم جۆرە بەڵایانە هەر بەمەبەست دەیانەوێ "مام جلال" لەو شەرەفەش مەحروم بكەن و دوور لە ئامادەبونی مامۆستایان و زانایانی ئاینی ماڵئاوایی لێبكرێت!، هێندەی من بزانم ئەو پیاوە چەند دوژمنایەتی ئیسلامی كردبێت هێندە ئیسلام و موسڵمانان هێزو پێزو هاوكاری و هاوڕایی و لێك نزیكبونەویان زیادی كردووە، وەك ئێستا كە هەمویان پێكەوەو بەیەك هێزو پێز لە خۆ ئامادەكردندان بۆ وەڵامی پڕپێست، بۆیه ئەوەی مەلا بەختیار لەڕابردوو له ئێستادا کردویەتی و دەیکات جگه له بەڵاو بەدبەختی بۆ یەکێتی هیچی تر نەبووه.
PM:04:24:30/03/2015