سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د.یوسف محەمەد سادق دەڵێت"ئەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە هەمو لایەکمان بە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەین و هەوڵ بدەین لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ناوچەکە یاریزانێکی گرنگ بین و بەرژەوەندییەکانمان بپارێزین".
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێک بوو لە مەراسیمی کردنەوەی سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی لە زانکۆی سەڵاحەدین، کە ئەمڕۆ ٨ی نیسان پێشکەشیکرد.
لەبەشێکی تری وتارەکەیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکانی ناوچەکە و دەوروبەرمان، وتی "بوونی سەنتەری ستراتیژی و ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنەوەی ڕووداوەکان زۆر گرنگە، هەرچەندە بەداخەوە تائێستا لە هەرێمی کوردستان گرنگی بە لێکۆڵینەوەی ستراتیژی نەدراوە، لەبەر ئەوە هەندێجار لەبەرامبەر ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان و دەورەبەرمان نەمنتوانیووە خوێندنەوەیەکی زانستی وردمان هەبێت، بۆیە لە ئێستاوە گرنگە بۆ هەمو سێکتەرە جیاوازەکان شیکار وتوێژینەوەی ئەکادیمیمان هەبێت.