ئەو کەسانەی لەسەر " تەقەکردن" لە بارەگای سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی دەستگیرکراون، دوو ئۆتۆمبیل بوون و تەنها یەک دەمانچەیان پێبووەو سەرخۆش بوون و یەکێکیان ئەندام ناوچەی پارتیە، حاکمی خەفەر ٦ یانی بەکەفالەت ئازاد کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند حاکمی خەفەر پێش کەمێک لەمەوپێش لەو ٧ کەسەی کە بەتۆمەتی ئەوە گیرابوون "تەقەیان" لە بارەگای سەرکردایەتی پارتی کردووە لە سلێمانی شەشیان بە کەفالەتی ٢٥٠ هەزار دینار ئازادکران و تەنها کەسێکیان ماوە ئەویش ئەو کەسەیە کە " تەقەی بە ئاسماندا" کردووەو پێشبینی دەکرێت ئەویش کە دەوامی فەرمی دەستیپێکردەوە بە کەفالەت ئازاد بکرێت.
سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێک لەو حەوت کەسە پێناسی ئەندام ناوچەی لقی سێی کەرکوکی پارتی پێیە.
سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی بە سپی میدیای راگەیاند " ئەو حەوت کەسە کە زۆربەیان خەڵکی کەرکوکن شەوی رابردوو لە یانەیەکی سەرچنار خواردوویانەتەوەو دواتر ویستویانە بچن بۆ ماڵی یەکێکیان لە گەڕەکی بەکرەجۆ، لەکاتی پێچکردنەوەیاندا لە لای بارەگای سەرکردایەتی پارتی و زانکۆی ئەمەریکی، یەک فیشەکیان بە ئاسماندا تەقاندووە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "ئەو چەکەی فیشەکەکەی پێ تەقێنراوە دەمانچەی جۆری ( گڵۆکە)".
لەسەر کارو شوناسی ئەو ٧ کەسە، سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت " ٤ خوێندکاری زانکۆن و ٢ یان ئاسایش و ١یان فەرمانبەری حوکمیەو زۆربەیان کەرکوکین".
بەرێوەبەری راگەیاندی پۆلیس جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو رووداو هیچ بەهانەیەکی سیاسی لە پشتەوە نییەو رووداوێکی زۆر ئاسییەو هەر دوو ئۆتۆمبیلەکە یەک دەمانچەی تیابووەو تەنها یەک فیشەک تەقێنراوە بە ئاسماندا.
وتەبێژی راگەیاندنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی فارس نەورۆڵی نیوەڕۆیی ئەمڕۆ لە لێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا وتی: "کاژمێر ٣ ی بەرەبەیانی ١٠/٤ دوو ئۆتۆمبیلی پڕ چەکدار تەقە لە بارەگای سەرکردایەتی پارتی لە نزیک زانکۆی ئەمەریکی دەکەن و ٧ کەسیان دەستگیرکردووەو رادەستی پۆلیسیان کردوون".
ئەم پێناسەی خوارەوە پێناسی یەکێک لە گیراوەکان بووە کە پارتیەو بەکەفالەت ئازاد کراوە.