سەرۆکی پەرلەمان قسە لەسەر مەترسیەکانی کێشەکانی ناوچەکە دەکات
د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی مەترسییەکی هاوبەش بووەتەوە، کە ئەویش تیرۆرو تیرۆرستانە، ئەگەر کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر نەکرێن، مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان زیاتر دەبێت، چونکە سەرهەڵدانی تیرۆر لە ناوچەکەدا پەرچەکرداری کێشە کەڵەکەبووەکانە."
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردن بوو لە سیناتۆر خاتوو ژوێڵ گاریۆ مایلام، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی(UMP)ی فەڕەنسا و ئالان گێرپات کونسوڵی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە ١٢ی نیسان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان، سوپاسی فەڕەنسای کرد، کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بوون لە شەڕی دژ بە تیرۆرستان.لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان باسێکی لەبارەی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ میوانەکان خستە ڕوو.ئاماژەی بەوەدا لە هەرێمی کوردستان کێشەیەک نییە بەناوی کێشەی پێکهاتە و ئاین و ڕەگەزە جیاوازەکان، لە کوردستان پێکەوە ژیانێکی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی هەیە.
سیناتۆر ژوێل گاریۆ، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا زۆربەی فراکسیۆن و پارتە سیاسییەکانی فەڕەنسا لەسەر پشتیوانی هەرێمی کوردستان تەبا و یەکدەنگن، بەتایبەتیش لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆرستاندا."
لەبارەی لەناوبردنی داعش، ئەو سیناتۆرە فەڕەنسییە وتی "بەدەر لە رووبەڕووبونەوەی سەربازی دەبێت، لەڕووی پەروەردەیی و هزریشەوە ڕووبەڕووی هزری توندوتیژی ببینەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانی ئاین و ڕەگەزە جیاوازەکان پەرەی پێبدرێت."
لەکۆتایی وتەکانیدا، خاتو ژوێل سڵاوی بۆ پێشمەرگە نارد، کە زۆر ئازایانە توانی ڕووبەڕووی داعش ببنەوە.
PM:02:12:12/04/2015