راگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی
بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەمڕۆ یەكشەممە 12/4/2015، ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.
بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، بارودۆخی عێراق دوای هێرشی داعش، بارودۆخی كوردستان، پێوەندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، بارودۆخی ناوخۆی پارتی، پرسی دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكەی ناوخۆیی تاوتوێكران و بڕیاریان لەبارەوە دراوە.
دەقی راگەیەنراوەكە:
بە سەرپەرشتی (سەرۆك بارزانی) ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتیمان، پارتیی دیموكراتی كوردستان لە رێكەوتی 12/4/2014 كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامدا و سەبارەت بەم بابەت و تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆی كرد و بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوەدا:
یەكەم: بارودۆخی عێراق، دوای هێرشی داعش بۆسەر چەندین شار و شارۆچكەی عێراق و كوردستان و داگیركردنیان، گۆڕانكاری بەرچاو لە پەیوەندییەكانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی ناوخۆی عێراق رویدا، هەروەكو پەیوەندی و هاوپەیمانیەتی نوێ لەسەرئاستی جیهان بەگشتیی و عێراق و ناوچەكە بەتایبەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبی هاوبەش هاتنە ئاراوە، هەروەها لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سیاسی هەروەكو هاوپەیمانیەتی لە روانگەی باوەڕبوون بە دامەزراندنی سیستمی دیموكراسیشەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە لەئاكامدا هێزی نوێ لەهاوكێشە سیاسییەكاندا بە دەركەوتن؛ كوردستانیش بەدەرنەبوو لە كاریگەری بارودۆخی نوێی عێراق و ناوچەكە و جیهان، وەكو هێزێكی سیاسی و ئابووری و عەسكەری كاریگەر و خاوەن رۆڵی یەكلاكەرەوەی بەشێكی كێشەكانی گۆڕەپانی سیاسی و عەسكەری لەئاستی جیهان و ناوچەكە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ.
خەڵكی كوردستان چاوەڕوانبوون دوای گۆڕانكارییەكانی ساڵی 2003 عێراق و ناوچەكە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە هەڵە و گرفتەكانی پێشوو، هەموو لایەنەكان هەنگاوی جدی بهاوێژن بۆ دووبارە نەبوونەوەی هەڵە و كەموكوڕیەكان و، ئارامی و تەبایی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێ، بەڵام بەداخەوە هەڵەی كوشندە و كاریگەر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە روویدا و، هەروەكو خوێندنەوەی ناواقعیانەی جیهانی دەرەوەش بۆ چۆنیەتی چارەكردنی كێشەكان و پشتگیری ئاڵوگۆڕیە جیاجیاكان چاوەڕوانی خەڵكی كوردستانی نەك نەهێنایە دی، بەڵكو گرفتی گەورەشیان بۆ دروستبوو، هەرچەندە گەلی كوردستان خوڕاگرانە وەكو هەمیشە بەرامبەر پڕۆژە و پیلانە چەپەڵەكانی دوژمنان و ناحەزان وەستاوەتەوە و خەونەكانیان لەگۆڕ دەنێ.
دووەم: بارودۆخی كوردستان و شەڕی داسەپاو، وەكو چەندین جاری دیكە ئەمجارەیش ئەوانەی چاویان بەپێشكەوتن و سەركەوتنە سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسییەكانی كوردستانیان هەڵنایەت، شەڕیكی نابەرامبەریان بەسەر كوردستاندا سەپاند و بەم هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە و رۆڵەی نیشتمانەكەمان شەهیدبوون و بوونە قوربانی نەتەوە و نیشتمانەكەیان، ئەمڕۆ ئازایەتی و خۆڕاگری پێشمەرگەی كوردستان بووەتە وێردی سەر زوبانی جیهانیان و ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دامودەزگا ئەمنییەكان بەرگری لە مرۆڤایەتی دەكەن و تاكە هێزێكە كە بەوپەڕی ورە بەرزیەوە داعشی بەزاندوە و بەرە و دواوەگەڕاندەوە، رۆژ لەدوای رۆژ بە سوپاسەوە بە هاوكاری هێزی ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان، زۆربەی هەرە زۆری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان لە گەرمیان تا چیای شنگال، لە دوژمنانی مرۆڤایەتی رزگاركردووە. ئازایەتی و خۆڕاگری پێشمەرگە و رۆڵەكانی گەلەكەمان لە خانەقین تا شنگال وكۆبانی ترسی خستووەتە ناو دڵ و دەروونی پیلانگێڕان. سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدان و لەخوای گەرورە داواكارین بریندارەكانمان شیفا بدات.
سێیەم: پێوەندی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ، دوای ئەو ئاڵۆزیەی لە پەیوەندییەكان دروستبوون لە ئاكامی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن بەشێك لە دەسەڵاتدارانی بەغدا و بڕینی موچە و بودجەی كوردستان، گوشارێكی زۆر كەوتە سەر بژێوی و ژیانی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستانی و كاریگەری كردە سەرتەواوی بەرنامە و پڕۆژەكانی حكوومەت و كەرتی تایبەت، بەڵام جەماوەری كوردستان خۆڕاگرانە بەرەنگاری ئەم هەنگاوە نا بەجێیانەی حكوومەتی بەغدا بووەوە، ئەم خۆڕاگری و هاوكارییە هەمەلایەنەی خەڵكی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانیەوە، شایەنی سوپاس و پێزانینی زۆرە.
هەروەك پشتگیری لەهەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم دەكەین بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی بەرەوڕووی هەرێم بووەتەوە، بەتایبەتی رێككەوتنی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ، ئومێددەكەین رێككەوتنەكە بەباشی جێبەجێبكرێت. هەروەها كۆبوونەوە رووڵی حەشدی شەعبدی هەڵسەنگاند و، پارتیمان ئەو هێزە بە هاوكارێكی باشی سوپای عێراقی دەزانێ و لە ئازادكردنی ناوچەكانیان پێویستن، بەڵام سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە پێشمەرگە ئازادی كردوون و دەیانپارێزێت، بەپێویست نازانرێ و، هێزی خۆڕاگری پێشمەرگەی كوردستان نەیهێشتووە هیچ بۆشاییەكی عەسكەری و ئەمنی دروستببێت.
چوارەم: بارودۆخی ناوخۆی پارتیمان، لەگەڵ هاتنی داعش و پەلاماردانی كوردستان، تەواوی ئەندام و كادیران و سەركردایەتی پارتیمان خۆبەخشانە روویان لەبەرەكانی شەڕ كردوو بوونە هاوكاروپاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەزگا ئەمنیەكان و ژمارەیەكیشیان شەهید و برینداربوون، جێی خۆیەتی ئەم هەڵوێستەی هەڤاڵانمان بەرز بنرخێنین، هەروەكو لەو رەوشە نالەبارەی دارایی كە تەواوی خەڵكی كوردستان توشی بووە كاریگەری راستەوخۆشی كردۆتە سەر هەڤاڵانمان و ئۆرگانەكانمان، كە بەخۆڕاگری و هەست بە بەرپرسیاریەتی رەفتاریان كردووە و واقیعی ئێستای كوردستانیان وەكو هەیە خوێندووەتەوە و لەبەرچاویان گرتووە و بەردەوام لەهەوڵی پاراستنی یەكڕیزی و تەبایدان كە لەئاكامدا ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەپارێزێ، بۆیە لەو رووەوە سوپاس دەكرێن.
ئەمانە و پرسی دەستوور و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەكو پرسی هەموو گەلی كوردستان گفتوگۆیان لەسەر كرا لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكەی ناوخۆیی تاوتوێكران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
بژی كورد بژی كوردستان..
ئەنجوومەنی سەركردایەتی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
12ی نیسانی 2015
PM:05:13:12/04/2015