بانگی مزگەوتەكان بەرێگەی سیستمی ئەلكترۆنی یەكدەخرێتەوە

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی ئەوقاف دا هاتووە ” وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاردا بانگی مزگەوتەكان بەرێگەی سیستمی ئەلكترۆنی یەك بخرێت و شێوازێكی بانگدانی تایبەت بەكوردستان هەڵببژێردرێت و هەر منارەی مزگەوتێكیش تەنها 4 بڵندگۆی پێوە بمێنێت.

بۆ جێبەجێكردنی پلانی یەكخستن و رێكخستنی بانگی مزگەوتەكانی كوردستان كەخەڵكێكی زۆر گلەیی لەدەنگی هەندێ بانگبێژەكان و پێشو پاشكەوتنی كاتی بانگ هەبوو، ئەمرۆ كەمال موسلیم وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی كرد كە هەریەكە لە شێخ سیراج خەیلانی سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف لەپەرلەمانی كوردستان و سەردار عەلی بەرێوەبەری گشتی دیوانو مامۆستا مەلا نیاز شێخ راغیب سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان و سەلام كەریم سیدان راوێژكاری وەزارەت و چەند شارەزایەك تێیدا ئامادەبوون.

لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بانگی مزگەوتەكان بەرێگەی سستمی ئەلكترۆنی یەك بخرێت و شێوازێكی بانگدانی تایبەت بەكوردستان هەڵببژێردرێت و هەر منارەی مزگەوتێكیش تەنها 4 بڵندگۆی پێوە بمێنێ”بۆ ئەم مەبەستە وەكو تاقیكردنەوە شاری هەولێر بەم سستمە ئەلكترۆنیە بانگی مزگەوتەكانی یەك دەخرێت و لیژنەیەك لەوەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایان و شارەزایانی بواری فەلەكناسی بۆ دیاریكردنی كاتەكانی بانگ بۆ یەك ساڵ دیاری دەكرێت و پێش جێبەجێكردنی پرۆژەكەش لەگەڵ سەرجەم مامۆستای مزگەوتەكانی شاری هەولێر كۆبونەوە دەكرێت”

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 5200مزگەوت هەیە و بەشی هەرەزۆری مزگەوتەكان لەلایەن خێرخوازانەوە بانگی تێدا دەدرێت و كاتەكانی بانگیش لەشارەكاندا جیاوازی زۆری تێدا هەیە




PM:02:29:14/04/2015