پارتی بۆ كەجەكە.. كەسێك كوردی نەزانێ بۆی نییە باسی مافەكانی گەلی كوردستان بكات
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی دوران کالکان، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستانێ kck دەداتەوە، کە تیێیدا رەخنەی لە سیستەمی مەركەزی باشووری كوردستان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی گرتبوو، كالكان گوتبووی، نابێ هەولێر حوكمی كوردستان بكات.
دوێنێ چوارشەممە 15/4/2014 دووران كالكان ، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستانێ KCK رەخنە لە سیستەمی مەركەزیی باشووری كوردستان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی گرت و رایگەیاند، نابێ هەولێر حوكمی كوردستان بكات.
دەقی روونكردنەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی:
لێدوانی گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
لەبارەی قسەكانی دۆران كالكان ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستانێ
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
حزب و لایەنە سیاسییەكان و ناوەندە رۆشنبیری و ئەكادیمیەكانی كوردستان
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان
لەكاتێكدا كە گەلی كوردستان لەباشور بەڕووی دڕەندەترین بوونەوەری مێژوو هاتەوە و تیرۆرستانی شكستدا، لەوكاتەی دۆزی رەوای گەلەكەمان لە باشور هەنگاوی زۆر پڕ بایەخی بەئاراستەی بوژانەوە و پێشكەوتن و پتەوتربوونی دیموكراسی ناوە و رۆژ لەدوایرۆژ پێگەی جیهانی و ناوچەیی هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندن دایە، لەكاتێكدا كە زیاتر لەهەر ساتەوەختێك گەلەكەمان پێویستی بە یەكڕیزی هەیە، بۆئەوەی ئەم قۆناغە پڕ لە هەڕەشە و تەحەدیاتەی لەبەردەممانە بەسەركەوتوویی تێپەڕێنین، بەداخەوە دۆران كالكان ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی (مەد نوچە) لە روانگەیەكی دوژمنكارانەوە چەندین قسەی نابەجێی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە كردووە و زێدەڕۆیی كردۆتە سەر خەڵكی كوردستان. قسەكانی ئەم پیاوە ئەوەندە دورن لە گیانی نیشتمان پەروەری و بەرژەوەندی نەتەوەیی تەنیا دەكرێت لەدەمی دوژمن و داگیركار بێتەدەر نەك سەركردەیەكی حزبێكی كوردستانی. بۆچونی لەم جۆرە لەبارەی كورد و كوردستان زۆر مەترسیدارن و پێویستە هەموو لایەكی لێبێتە دەنگ و رێگا لەزێدەڕۆیی لەم چەشنە بگیرێت.
یەكەم: كەسێك كە یەك وشەی كوردی نەزانێ و دیاریشنەبێت سەربەچ نەتەوەیەكە و بڕوایشی بەمافەكانی گەلی كوردستان نەبێ، بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە باسی مافەكانی گەلی كوردستان بكات یان رێگا بەخۆی بدات دواڕۆژ و شێوازی بەڕێوەبردن بەسەر خەڵكی كوردستاندا بسەپێنێت و لەبارەیەوە بدوێت. كالكان كێیە و بۆدەبێ لەبارەی چارەنووسی گەلی كوردی باشور قسەبكات؟
دووەم: لەكاتێكدا دوژمنان و داگیركاران، كوردستانیان بەسەر چوارپارچە دابەشكردووە و گەلی ستمەمدیدەی كوردستان بووەتە قوربانی دەیان پیلانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ بەرگریكردن لە ناسنامەی خۆی سەدان هەزار شەهیدی داوە و جینۆساید و ئەنفال و كیمیا باران كراوە، كەچی هێشتا دۆران كالكان ئاسودە نییە و حەز بەدابەشبوونی زیاتری كوردستان دەكات و چاوی لە پارچە پارچەبوونی زیاتری گەلی كوردستانە. كالكان چۆن رێگا بەخۆیدەدات ئەوها بێباكانە تەپڵی دووبەرەكی لێبدا و باسی سۆرانی و بادینی و ئێزیدی بكا ؟ ئایە هیچ دوژمن و داگیركارێك تائێستا رێگایان بەخۆداوە ئەوها ئاشكرا و بێ شەرمانە باسی لەت لەتكردنی گەلی كورد بكەن؟
سێیەم: كالكان باسی دیكتاتۆریەت دەكات و تۆمەتی دیكتاتۆربوون بۆ باشور و هەولێر و پارتی هەڵدەبەستێ. پرسیاریان لێدەكەین لە كوردستاندا كێ بەقەدەر حزبەكەی پەكەكە لەهزر و كرداردا شمولی و خۆسەپێنە؟ لەوشوێنەی پەكەكە باڵادەستە كوا ئازادی؟ كوا چالاكی حزبەكان؟ كوا ئازادی رادەربڕین و بوونی بەرامبەر؟ لەوشوێنانەی دەستیان بەسەرداگرتووە كەی بواری ئەوەیان بەخەڵك و رای بەرامبەرداوە بوونیان هەبێت؟ كوا لەژێر دەسەڵاتی پەكەكە رەنگ و دەنگی جیاواز بواری ژیانی هەیە؟ كەسێك لێوان لێوبێت لە هزری توندڕۆیی و دیكتاتۆری و خۆسەپاندن و تۆقاندن چۆن چۆنی باسی ئازادی دەكات؟
چوارەم: بوونی كەسێكی وەك ئەو، كێشە بووە بۆ خودی پەكەكەش. ئەو لە وەڵاتی ئەڵمانیا بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیر و زیندانی كرا و دواتریش هات لە سوریا گریسایەوە. هەر ئەو و هاوشێوەكانی ئەون وایانكردووە پەكەكە هەردەم تۆمەتی تیرۆرستبوونی بخرێتەپاڵ. ئەم تەرزەكەسانە بۆ خودی پەكەكەش مایەی سەرئێشە و كێشەبوونە.
پێنجەم: رشتنی فرمێسكی تیمساحانە بۆ خوشك و برایانی ئیزیدی و خەڵكی شنگال هیچ چارەسەرێكی بۆ خەڵكی مەزڵومی ئەو دەڤەرە پێنابێت. تیرۆرستان شنگالیان جینۆسایدكرد، بەڵام ئەوانە دەیانەوێ یاری بە برینی كوردانی ئێزیدی بكەن. هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەگیان فیدایی و خوێنی خۆی بست بە بستی دەڤەری شنگالی رزگاركرد و كەسیش بەقەدەر پارتی بۆئەم دەڤەرە خوێنی نەبەخشی و ئەوەیش بەئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت. بۆ دواڕۆژی دەڤەری شنگالیش پارتی دیموكراتی كوردستان رای خۆی ناسەپێنێت بەڵكو بڕوای بەدەنگ و هەڵبژادەی خەڵكی ئەم دەڤەرە هەیە. پارتی بەترس و تۆقاندن و چەواشەكاری خۆی ناسەپێنێت و پێیوایە دەبێ خەڵك ئازادبن و چارەنوسیان لەدەستی خۆیاندابێت، نەك ئەوەی خەڵكێك بێن و بەزۆر هزر و سەلیقە و ئیدارەی نامۆ بەسەر خەڵكی برینداری شنگالدا بسەپێنن. خەڵكی شنگال ئازادیخوازە و رێگانادەن چواچێوە و زیندانێكیان بەسەردا بسەپێندرێت.
لەكۆتایدا ئەوە دەڵێین كە بۆچوون و قسەكانی دۆران كالكان پتر لە ئیرەیی و نەزانی و رقیەتی و، چاوی بەدیموكراسی و ئازادی و فرەلایەنی و پێكەوەژیان و پێشكەوتن و دەستكەوتەكانی باشوری كوردستان هەڵنایەت. ئەو و هاوبیر و هاوشێوەكانی تەنانەت یەك دەستكەوتیشیان بۆ باكور بەدەست نەهێناوە و تەنیا كاریان تێكدانی یەك ریزی و شێواندن بووە. با كالكان باش بزانێ باشوری كوردستان پاروی ئەو و هاوشێوەكانی نییە و باشور زۆر لەوە مەزنترە كە بیریشی لێ بكەنەوە. باشتریشە ئەو سنوری خۆی بزانێت و چیتر زێدەڕۆیی نەكات و هیواداریشین كە ئەو بۆچوونە بیروڕای شەخسی خۆی بێت و ئێمەیش لەوبڕوایەدانین لەناو پەكەكەدا خەڵكی تری وەك ئەو هەبێت كە ئەوها لەبارەی چارەنوسی گەلی كوردستانەوە تاریك و رقاوی بیربكاتەوە.
كوردستانی باشور حزب و لایەنی سیاسی و دامودەزگای شەرعی و هەڵبژێردراوی خۆی هەیە، پەكەكە چۆن رازی نییە نەك لایەنێكی هەرێمی كوردستان بەڵكو خەڵكیتریش لە كوردستانی باكور رۆڵی هەبێت، نابێ رێگا بەخۆی بدات بە وتە و كردەوە كێشە بۆ جەماوەری كوردستانی باشور دروستبكات.
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16/4/2015
PM:04:23:16/04/2015