هەندێک پەرلەمانتار دەیانەوێت شکۆی سلێمانی بشکێنن"

جێگری سەرۆکی نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: لەلایەن هەندێك پەرلەمانتار بۆ شكاندنی شكۆی سلێمانی هەڵمەتێكی چەواشەكارانە لەسەر ئەو ٢٠ ملیار دینارە دەستپێكردوە کە بۆ بواری رۆشنبیری شارەکە تەرخانکراوە.

لەسەر ئەو لێدوانەی پەرلەمانتارێکی لیستی زەرد کە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە بەدواداچوون بۆ ئەو ٢٠ ملیارە دەکەن کە بۆ ژێرخانی کەلتوری سلێمانی خەرجکراوە، زانا عەبدولرەحمان پەرلەمانتاری لیستی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: جگە لە مەرامی ناوچەگەریەتی و حیزبی هیچی لێ ناخوێندرێتەوە كە ئەمەش دورە لە بەهاو پرنسیپەكانی كاری پەرلەمانی.

زانا عەبدولرەحمان لەسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پەیجی خۆی دەڵێت: با بۆ هەموو لایەك روون بێت من بۆ خۆم تێبنیم لە سەر جۆری ئەو پرۆژانەی كە جێبەجێ كراون و پارەیان بۆ تەرخانكراوە هەیە، بەڵام بڵاوكردنەوەی هەواڵی دیارنەمانی ئەو پارەیە بێ وێژدانیە بەرامبەر بە سلێمانی.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بۆ ژمارەیەک  دیكۆمێنت لەسەر شێوازی پرۆژەو سەرفی پارەو بڕی ئەو پارەیەیی ماوە لە بانك كە برەكەی ١٧،٩٦٤،٥٨٣.٧٠٩ دینارە لە بانكی ئەزمەر دەکات، کە سپی لە خوارەوە بڵاویکردوونەتەوە.

لە کۆتایی پۆستەکەیدا ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەڵێت: ئەوانەی كە دەیانەوێت سەنگەر لە سلێمانی بگرن هەر مایە پوچیان بۆ دەمنێتەوە.

پێشتر پەرلەمانتاری پارتی ئەندامی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (حەیات مەجید پەرخی)، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و هونەریی پەرلەمانیشە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو (20) ملیار دینارەی كە لە ماوەكانی ڕابردوودا لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی كولتووریی پارێزگای سلێمانی تەرخان كراوە، سەردانی ئەو شارەیان كردووە، چونكە وەك ئەو گوتی: "تا ئێستا چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو بڕەپارەیە ڕوون نییە".

 ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتوویەتی :بەپێی گوتەكانی پارێزگاری سلێمانی (3) ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی چەند هۆڵێك خەرج كراوە، هەروەها بڕی (5) ملیار دینار بۆ دروستكردنی مەسرەحی ڕۆمانی تەرخان كراوە، بەڵام تا ئێستا ئەم كارە تەنیا ناوە و نەبووەتە پڕۆژە".
ئەمە دەقی ئەو دۆکۆمێنتانەیە کە زانا عەبدولرەحمان بڵاویکردوونەتەوە..








PM:07:01:22/04/2015