"بارزانی بەڵێنی بە پارێزگابوونی شەنگال دەدات"

ئەمرۆ لەدیدارێك لەگەڵ كەسایەتی‌و پیاوماقوڵانی كوردی شەبەك، مەسعود بارزانی بەڵێنی ئەوە دەدات كە شەنگال بكرێتە پارێزگا.

سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێم لەو دیدارەدا هاوسۆزیی خۆی بۆ كێشەو گرفتەكانی كوردانی شەبەك لەدوای پەلاماردانی تیرۆریستان نیشان داو رایگەیاند: " ئاگاداری كێشەو ناخۆشی كوردانی شەبەك و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی ناوچە كوردستانییەكانە، كە دوای پەلاماری زاڵمانەی داعش دوچاری كارەساتی گەورەبوون".

هەروەها سوپاسی خەڵكی كوردستان و خۆڕاگریی پێشمەرگەی كرد، كە لە ماوەیەكی كەمدا توانیان دڕندەترین دوژمن بوەستێنن و ئەو ئەفسانەیەی بۆ داعش دروست كرابوو بیشكێنن و ئەوەیشی خستەڕوو، كە هێرشی داعش و كارەساتەكان پێشانی دا كە پێویستە ئێمە هەردەم ئامادەبین تا رێگە نەدەین جارێكی دی هێرش بكرێتە سەر پێكهاتەكان لە دەشتی نەینەواو كارەسات و ئاوارەیی دووبارە ببنەوە. دڵنیاییشی دایە كوردانی شەبەك، كە لەئایندەدا ئەوان بە سەربڵندی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و پارێزگاریشیان لێدەكرێ.

لەبەشێكیتری وتەكانیدا بارزانی ئاماژەی بە كولتووری دەوڵەمەندی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند: "سەرباری ئەوەی لێرەولەوێ هەندێك هەوڵ هەبوونە بۆ دروستكردنی ناكۆكیی تایفی لە نێو پێكهاتەكان، نەیانتوانیوە سەركەوتوو بن و زیان بە فەرهەنگی لێبووردەیی و پێكەوەژیانی كوردستانیان بگەیەنن".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتیكردەوە، كە ئەوەی بیەوێت شەڕی داعش بكات ئێمە پێشوازیی لێ دەكەین و هاوكاریشی دەكەین، بەڵام دەبێ لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت، قبووڵی ناكەین هیچ هێزێك لە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دروست بكرێت و هێمایشی بەوەدا كە ئەوەی لە دەست بێت بۆ كوردانی شەبەك ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی گەنجانی شەبەك رۆڵیان لە پاراستنی وڵاتدا هەبێت و پێویستە ئەو بوارە بە گەنجای شەبەك بدرێت. سەبارەت بە چارەنووسی ناوچەكان ئەوەی روونكردەوە كە چارەنووسی ئەم ناوچانە تەنیا لەدەستی خەڵكی ناوچەكەیە و هەر ئەوان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن.


لەلایەكیترەوە مەحما خەلیل پەرلەمانتاری پێشووی كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عیراق لەبارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ بارزانی بە رووداوی وتووە: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكە وتی دەبێت ناوچەی كوردانی ئێزدی بە زووترین كات رزگاربكرێت، خزمەتگوزاری بەردەوام دابین بكرێت بۆ ئەوەی هەژاری نەمێنێت لەو ناوچەیە، بە هیچ شێوەیەك قبوڵ نەكرێت لایەنگری هێزی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە بكرێت و قبوڵ نابێت حەشدی شەعبی لە ناوچەی كوردانی ئێزدی دروست بكرێت، هەروەها لە سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات زۆرترین كار بۆ ئەوە بكات كە ئازار و خەم و مەینەتییەكانی كوردانی ئێزدی بگەیەنێت بە هەموو جیهان و هەر شتێك كە بكرێت بۆ كوردانی ئێزدی بیكات و پشتیوانی بۆ ئێزدییەكان كۆبكاتەوە".

سەبارەت بە داواكاری كوردانی ئێزدی لە كۆبوونەوەكە، مەحما خەلیل وتیشی:" ئێمە داوامان لە  بارزانی كرد كە شنگال بكرێتە پارێزگا وئەویش بەڵێنی دا كە بە جیدی كار بۆ ئەوە بكات، كە شنگال بكرێتە پارێزگا، هەروەها بەڵێنی ئەوەی دا كە هێزێكی پێشمەرگە لە كوردانی ئێزدی دروست بكرێت بۆ پاراستنی ناوچەكەیان و چەكی باش دەخرێتە بەردەستیان، هەروەها كوردانی ئێزدی بە شێوەی دادپەروەرانە قەرەبوو بكرێنەوە،  پشتیوانی بكرێ لە بە جینۆساید ناساندنی ئەو كارەساتەی بەسەر كوردانی ئێزدی هاتووە، داوامان كرد حكومەتی بەغدا كار بكات بۆ دامەزراندنی كوردانی ئێزدی لە دام و دەزگا حكومییەكان".




PM:04:39:23/04/2015