بارزانی سەردانی نەوشیروانی نەکرد
" لەرووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە تەندروست نەبوو"

لە سەردانێکی کورتدا بۆ سلێمانی، بارزانی سەردانی تاڵەبانی کرد، بەڵام چایەکی لەلای نەوشیروان مستەفا نەخواردەوە، سەرنوسەری ئاوێنە دەڵێت" لەرووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە تەندروست نەبوو".

سەردار محەمەد سەرنوسەری ئاوێنە لە لێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا رایگەیاند" سەردانی ئەمڕۆی بارزانی لە رووی سیاسییەوە تەندروست نەبوو کە چاوی بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا نەکەوت، چونکە لەلایەکەو هەرێم و عێراق و ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاری سیاسی گەورەدایەو پێویستە بەرەی ناوخۆی ساز وتەباو یەکگرتووبێت، لەلایەکی تریشەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ پەرلەمان سەرقاڵی دوو پرسی گرنگە گەڵاڵەکردنی پرۆژەی دەستوری هەرێم و چارەسەرکردنی تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم، بارزانی لەم هەلومەرجەدا هەقە باشترین پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان و بەتایبەتی لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمدا هەبێت، بۆیە لەم رووە بەسەر نەکردنەوەی نەوشیروان مستەفا تەندروست نەبوو".

سەردار محەمەد لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەرووی کۆمەلایەتیشەوە هەق بوو بارزانی سەردانی نەوشیروان مستەفای بکردایە، جگە لەوەی مێژوویەکی زۆرە یەکتری دەناسن و لەچەندین وێستگەدا کاری هاوبەشیان کردووە، هاوکات لە دوو ساڵی رابردوودا نەوشیروان مستەفا سێ سەردانی بۆ هاوینەهەواری سەلاحەدین و بیننی بارزانی کردووە، وەک پێزانین بەو سەردانانە دەبوایە ئەمڕۆ نەوشیروانی مستەفا ببینیایە".

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بارزانی بۆ ماوەیەکی کەم سەردانی سلێمانی کردو لە گردی دەباشان چاوی بەتاڵەبانی کەوت و راستەوخۆ دوای سەردانەکە گەڕایەوە بۆ هەولێر.  
    




PM:07:08:28/04/2015