سپی پەیوەندییەکی تەلەفونی بارزانی‌و نەوشیروان مستەفا ئاشکرا دەکات

بارزانی پێش سەفەرەکەی بۆ ئەمەریکا پەیوەندی دەکات بە نەوشیروان مستەفاوە، ئەجێندای سەفەرەکەی بۆ  رووندەکاتەوە و راشی وەردەگرێت.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە شەوی ٣٠-١/٥ سەرۆکی هەرێم، بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفونی دەکات بە نەوشیروان مستەفاوەو باسی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکاو بەرپرسانی تری ئەو وڵاتەدا دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەو پەیوەندییە تەلەفونیەدا بارزانی باسی ئەو تەوەرانەی بۆ نەوشیروان مستەفای کردووە کە بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا تیشکی بخاتە سەر، گرنگترینیشیان بەپێی زانیاری سەرچاوەکەی سپی پرسی ئایندەی هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی هەرێم و پرسی شەڕی داعش و چەکدارکردنی هێزی پێشمەرگەیە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بارزانی لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا پێیخۆش بووە گوێ لە ڕای نەوشیروان مستەفا بگرێت لەسەر ئەجێندای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا.

ئەمڕۆ ٢/٥ بارزانی بەبەشداری جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرێکی گۆڕان وەزیرێکی پارتی و وەزیرێکی یەکێتی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێکەوت بۆ ئەمەریکاو لە میانەی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ئۆباما سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.  




PM:09:17:02/05/2015