سەرۆكی پەرلەمان: عێراق پێکهاتەیەکی جیاوازە، بە مەرکەزی بەڕێوەناچێت

لە پێشوازی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرواتیا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند عێراق پێکهاتەیەکی جیاوازە، بە مەرکەزی بەڕێوەناچێت.

لە پێشوازی ڤێسنا پوسیچ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ‌و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كرواتیا، سەرۆکی پەرلەمان، سوپاسی حکومەت و گەلی کرواتیای کرد کە پشتیوانییەکی سەرەکی هەرێمی کوردستان بوون لە شەری دژ بە تیرۆرستان داعش، هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کرواتیا فراوانتر و بەهێزتر بێت و چەندین بواری تریش بگرێتەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣شەممە ٥-٥-٢٠١٥ ڤێسنا پوسیچ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ‌و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كرواتیا و شاندێکی باڵای ئەو وڵاتە سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و جەعفەر ئیمینکی جێگر و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانەوە پێشوازی کران.

لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسێکی لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی ئاوارەکان و شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش کرد و وتی " ئێستا ئێمە لەگەڵ گروپێکی تیرۆستی وا شەڕ دەکەین کە بە تەنها دوژمنی ئێمە نین، بەڵکو دوژمنی هەمو دونیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشن." لەبارەی پێکهاتەی عێراقیش، سەرۆکی پەرلەمان وتی "عێراق پێکهاتەیەکی جیاوازە لە زمان و نەتەوەو ئاین، بە مەرکەزی بەڕێوەناچێت."

لە بەرامبەردا خاتو ڤێسنا، وتی "کوردستان لەشەڕی دژ بە تیرۆرساتندا سەرکەوتوو بووە، ئامادەین هاوکاری زیاتری هەرێمی کوردستانیش بکەین.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، جێگری سەرۆکی وەزیرانی کرواتیا، وتی "کورد لە شەڕدا سەرکەوتوون و لە ئاشتیدا، پێشەنگن، هیوادارم دوای سەرکەوتنتان لەم شەڕە سەرقاڵی ئاوەدانکردنەوەو بونیادنانی وڵاتەکەتان بن.

لە کۆتایدا، سەرۆکی پەرلەمان لۆگۆی پەرلەمانی کوردستانی پێشکەش بە جێگری سەرۆک وەزیران کرد و ئەویش ئەلبومێک لە وێنەی شوێنە تایبەتەکانی وڵاتەکەی پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کرد.




PM:02:49:05/05/2015