كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە سكاڵا لەسەر نەقیبێكی پێشمەرگە تۆمار دەكات كە سوكایەتی بەخەڵكی هەڵەبجە كردبوو. هەروەها داوای روونكردنەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن.
نەقیبێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كە وێنەكەی لەخوارەوە هاتووە دەنوسێت: خەڵكی هەڵەبجە داعشن و دروستكەری داعشن ، هەروەها دەڵێت "دەستی سەدام لەسەرتان بەزیاد بێت دەبو تەوێڵەو بیارەش بە كیمیایی لەناو ببات".
لە بەرانبەردا ئاراس عابید، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی كوردیوی ڕایگەیاند: لەدەرەنجامی ئەو سوكایەتی كردنە بە هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان و كەسوكاری شەهیدانی كردوە بێدەنگ نابین .
ڕاشیگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەدادگا سكاڵای یاسایمان لەسەر ئەو كەسە تۆمار كردوە ، لەهەمان كاتدا داوامان لە پارتی دیموكراتی كوردستان كردوە كە ڕوونكردنەوە بدات بە هاوڵاتیانی شارەكەمان كە ئایا ئەو كەسە ئەندام و كادری ئەوانە یان نا چونكە بەپێی وێنەكان كەلەگەڵ بەرپرسێكی پلە باڵای ئەو حیزبەدا گرتویەتی گومان دەبەین كە كادری ئەوان بێت بۆیە ئێمە وەك كەسوكاری شەهیدان و بنەماڵەی قوربانیان هەرگیز ئەو بێ ڕێزیە قبوڵ ناكەین .