بەپەلە.. ناو شاری رۆمادی بەتەواوی كەوتە دەست داعش

‌ئاوارەبوونی خەڵکی رۆمادی
شەوی رابردوو و ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لەڕێگەی ژمارەیەك خۆكوژ‌و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو هێرشیان كردەسەر ئەو شوێنانەی ناو شاری رۆمادی كە لەدەست سوپای عێراقدا مابوونەوە‌و لەئەنجامدا كۆنترۆڵی زۆربەی شوێنەكانیان كرد.

سەرچاوەیەكی ئاگاداری ئەمنی لە بەغداوە بە سپی میدیای راگەیاند كە كۆشكی داد‌و  بینای دژە تیرۆر كە لەناوشار بەدەست هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە بوون، ئەمرۆ لە رێگەی سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشی كرایەسەر‌و لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنترۆڵ كرا.

هاوكات باس لەوە دەكرێت كە ئەمرۆ چەندین تەقینەوە  لە ناو شارەكەدا روویداوە‌و هێزی سوات‌و هێزی ئاڵتونی كە بەدوو هێزە شەڕەكەرەكەی عێراق دادەنرێن بۆ دەرەوەی شار پاشەكشەیان كردوە.
تا ئێستا بارەگای ئۆپەراسیۆنەكانی رۆمادی نەگیراوەو لە دەستی هیزە عێراقییەکاندایە ، بەڵام بەشی زۆری شاری رۆمادی كەوتووەتە دەست داعش.

ئەم هێرشانە لەكاتێكدایە كە ئەمرۆ ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بڕیاریدا كە حەشدی شەعبی (ملیشیا شیعەكان) بەشداری بكەن لە رزگاركردنی شاری رۆمادی دا، پێشتر ئەو ئەنجومەنە دژی بەشداری حەشدی شەعبی بوو، چونكە هەموویان شیعەن‌و مەترسی پاكتاوكردنی تایفییان هەبوو.




PM:02:54:17/05/2015