سرودی ئەی رەقیب بە یاسایی دەکرێت

پەرلەمانی کوردستان، سەرقاڵی بە یاساییکردنی سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیبە، لیژنەی (ڕۆشنبیریی و یاسایی) ڕاپۆرتی تایبەتی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزکردووەتەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د.یوسف محەمەد سادق و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، لەگەڵ هونەرمەند خالید ڕەشید باس لە شێواز و هەنگاوەکانی بە نشتیمانیکردنی سروودی ئەی ڕەقیب کرا، لە دانیشتنەکەدا، کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە ١٧ی ئایار بەڕێوەچوو، پەرلەمانتاران و ڕاوێژکارانی لیژنەی ڕۆشنبیریی ئامادەبوون. سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی هونەرمەند خالید رەشیدی کرد، کە ساڵانێک لەمەوبەر لە ئەوروپا لەگەڵ تیپێکی مۆزیکیدا مارشی نەتەوەیی(ئەی ڕەقیب)ی ئامادەکردووەتەوە، داوای لە هونەرمەند کرد، هاوکاری لیژنەی ڕۆشنبیریی بکات لەکاتی گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسایەک بۆ بە نیشتمانیکردنی سروود و مارشی نەتەوەیی کورد.

خالید ڕەشید، سوپاسی پەرلەمانی کوردستانی کرد کە لەخەمی بە یاساییکردنی سروودی نەتەوەییدایە و هیوای خواست ئەم پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمانی کوردستان بەزوویی دەنگی لەسەر بدرێت."

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، خالید ڕەشید وتی "شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە ڕۆژگارێک مارشی نەتەوەیی کوردم ئامادەکردووە، ئێستاش لە پەرلەمانی کوردستانم کە شوێنێکی پیرۆزە لام ڕێز لەو ماندووبوونەم دەگیرێت.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان، وەک پێزانینێک بۆ ماندووبوونی لە ئامادەکردنی سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب لۆگۆی تایبەتی پەرلەمانی پێشکەش بەو هونەرمەندە کرد.




PM:03:22:17/05/2015