كۆمەڵ:دینمان ئاینمان هەر نیشتمان، لەسرودی ئەی رەقیب لاببەن

‌ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەکاتی سرودی ئەی رەقیب
پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت سێ پێشنیاریان هەیە بۆ ئەوەی سرودی ئەی رەقیب كێشە لەنێوان ئیسلامییەكان‌و لایەنەكانی دیكەدا دروست نەكات.

هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتاری كۆمەڵەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەكات  بۆ ئەوەی لەسەر سروودی ئەی رەقیب چیتر گرفت لەنێوان ئەوان ‌و لایەنەكانی دیكە دروست نەبێت ، كە ئەوان لەكاتی لێدانی سروودەكەدا لەبەری هەڵناستن، سێ‌ پێشنیازیان كردووە.

یەکێک لە پێشنیازەکانی کۆمەڵ ئەوەیە، کە لەكاتی بۆنەكاندا وەكو بەشێك لە وڵاتانی دیکە تەنیا مۆسیقای سروودەکە لێبدرێت، یان تەنیا كۆپلەی یەكەم ‌و دوومی لێبدرێت نەگاتە ئەوەی كە دەڵێت "دینمانە ئاینمان هەر نیشتیمان". لە پێشنیازی سێیەمیشدا داوەدەکەن پێشگری (لە) بخرێتە پێش‌ ئەو دێڕەو بكرێتە "لە دینمانە ئاینمان هەر نیشتمان".
 
ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی لەلێدوانێكی بۆ رووداو جەخت لەوە دەكاتەوە ئەوە تەنیا ئەوان نین لە پەرلەمان سەرنج‌ و تێبینییان لەسەر سروودەكە هەیە، بەڵكو وەك ئەو دەڵێت "پێكهاتەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان سەرنجیان هەیە و دەڵێن سروودێكی نیشتمانیی نییە، بەڵكو سروودێكی نەتەوەیی كوردە".

لەبەرامبەردا فەرحان جەوهەر ، پەرلەمانتاری پارتی ‌و سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیر‌ی و راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو پێشنیازانە رەتدەكاتەوەو دەڵێ‌ "لەبەر خاتری چەند كەسێكی لایەنێك دەستكاریی سروودی ئەی رەقیب ناكەین، چونكە نەتەوەیەك یادەوەری مەزنی لەگەڵ ئەم سروودەدا هەیە".




PM:04:05:19/05/2015