بەرهەم ساڵح: لەم یادەدا مژدەی چارەسەری وەزعی یەکێتیمان پێ نییە

جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی د. بەرهەم ساڵح لەوتارێکی لە یادی ٤٠ ساڵەی یەکێتیدا دەڵێت: یەكێتی ئەمڕۆ دوچاری كۆمەڵێك كێشە بۆتەوە، خوزیا لەم یادە پیرۆزەدا بمانتوانیایە موژدەی چارەسەری راستەقینەمان بەخەڵك رابگەیەندایە، بەڵام بەداخەوە جارێ ماوە".

بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بینایەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی لەسەر پەیوەندیەکانی خۆیان و گۆڕان وتی: پێویستە برینی ناكۆكی و ململانێی نێوان ئێمەو گۆڕان سارێژ بكرێن، ئێمە هاوسەنگەرو هاوڕێ بوین لەرۆژانی سەختی خەبات، بۆیە پێویستیەكی حزبیە و پێویستی رۆژانەی خەڵكیشە، گرژی و ناكۆكیمان زیانی بۆ خۆمان و بەڵكە بۆ نێو ماڵی كوردیش هەیە، رێكەوتن و پێكهاتنەوەی یەكێتی و گۆڕان، پێویستیەكی ئەم سەردەمەیە بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد و سازادنی تواناكانمان بۆ ئەگەرەكانی پێشمان.

 
بەرهەم ساڵح ئەم وتارەی کە لە تۆڕی کۆمەلآیەتی فەیسبووک بلآوکردۆتەوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەئامادەبوونی تاڵەبانی و بەشداری ئەندامانی سەکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و پەرلەمانتارانی کوردستان و عێراق پێشکەش کرد.

دەقی وتارەکە..

سەركردایەتی و كادیرانی پیشكەوتووی یەكیتی:
مامی گەورەو رابەرو تاجی سەرمان، نوری چاومان مام جەلال
برای گەورەمان كاك كۆسرەت
هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند
وەزیرو پەرلەمانتارو كادیرانی یەكێتی.
لێرە كۆبوینەتەوە بۆ رێزلێنان لەپێشمەرگە، و لەبەر رێزو حورمەتی شەهیدان و رێبوارانی كاروانی یەكێتی، بۆ رێزی تێكۆشەرە دێرینەكانی یەكێتی، بۆ مامی گەورەو رابەرمان مامجەلال، بۆ رێزگرتن و بەرزراگرتنی كاروانی پڕ سەروەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
40 ساڵ لەمەوبەر لەڕۆژگارێكی سەخت، لەجەنجاڵی پیلانگێری زلهێزەكان لەدوای شكستی شۆڕش و سەردەمی دەسەڵاتی رەهای رەشەكوژی بەعس، لەكاتی نائومێدی و دڵشكاوی خەڵك مامجەلال و هاوڕیكانی، یەكێتی نیشتمانیان دامەزراندو پەیامی بەرگری و هەڵسانەوەیان راگەیاند، لای دوژمنان، بگرە لای زۆر لەدۆستەكانیش وابوو سەركێشیەو سەرگەرمی و بێباكیە. كەناكرێ و نابێت، هەر نەبێت وازوو، هەرەس بەپیلانگێری جەزائیر بهێندرێت و بڵێسەی شۆڕش لەچیاكانی كوردستان دابگیرسێنێتەوە. بەراستی لەحوكمی تەرازوی هێزو لێكدانەوەی سیاسەت و خوێندنەوەی واقیعی ئەو رۆژە نەدەكرا، بەڵام بە ئیرادەی بەرگری بو روبەڕوبەنەوەی دێوەزمەی بەعس و پیلانگێری زلهێزەكانی ناوچەكە، مام جەلال و هاوڕێكانی تێكۆشەرانی ئەو سەردەمە رێچكەی مێژوویان گۆڕی و داستانی سەروەری و هەڵسانەوەیان تۆمار كرد.
40 ساڵ لەمەوبەر مام جەلال و هاوڕیكانی پرسیارێكی سادە، بەڵام پڕ مانایان وروژاند، ((یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆچی؟))
بەپەیام و بەرنامەیەكی پوخت و راستگۆیانە، وەڵامی ئەو پرسیارەیان راگەیاند، بەتێكۆشان و خۆبەختكردن، لەپێناوی گەل و نیشتمان و بەداهێنان و نوێبونەوەو پەروەردەكردن و گۆشكردنی لاوانی ئەو سەردەمە، كاروانی كوردایەتیان بەرەو ئاسۆی بەرگری و بوژانەوە برد و بەراستیش نەسرەوتن تا سەرگەوتن.
رێچكەشكێنی نوێبونەوەو شێوازی نوێی خەبات و دەستپێشكەری مێژوویی، خوێندنەوەی راست و دروست پێكهاتەو ئاراستەی كوردستان و ناوچەكە بوو، رێچكەشكێنیی دەستپێشكەری و داهێنانی گەورە لەشێوازی خەباتی رێكخراوەیی، پێشمەرگایەتی، راگەیاندن و ئەدەبی بەرگری، دەرفەت رەخساندن بۆ گەنجانی وڵات بۆ بەشدابوون لەبڕیارو سەركردایەتی دوور لەخزمخزمێنەو مەحسوبیت و مەنسوبیەت.
كە ئەم یادە لەساتەوەختێكی مێژووی دەگێڕین. بەراوردی ئەمڕۆ و كاتی راگەیاندنی یەكێتی لەساڵی 1975 ئاسمان رێسمانە: ئەو كات كوردستان بەدوژمن و وێرانی و نائومێدی تەنرابوو، بەڵام ئەمڕۆ كورد لەقۆناغێكی ترە. سەدەی بیستەم سەدەی نەهامەتی و چەوسانەوەی كورد بوو، ئەمڕۆ پێگەی كورد و كاریگەری لەسەر رەوشی رۆژهەڵات دیارو بەرجەستەیە، حوكمڕانی خۆبەخۆی كورد، لەباشور، سەرباری هەر رەخنەو سەرنجێكیش، وابووە بە نمونەیەكی سەلمێندراو لەناوچەكەدا، كوردستان ئارامترین ناوچەی عیراقە، باشترین پەیوەندی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەیە، تێزی مەترسی كوردو حكومڕانی كورد رەواوەتەوەو سەلمێندراوەوە رێزگرتنی مافی كورد مایەی ئارامی و ئاشتیە.
بزاڤی كورد لەباكور وا روو لەهەڵكشانەو هەموو كورد هاوسۆزین لەگەڵ هەدەپە، چونكە سەركەوتنیان پشتیوانیە لەدیموكراسی و ئاشی.
لەرۆژئاواش رۆڵی گەلی كورد لەهاوكێشەكان كاریگەرە، شەرڤانەكانی كۆبانێ و هاوكاری پێشمەرگە بۆ ئەوان، پەیامی دەورو كاریگەری كوردە.
ئێستا سەردەمی گۆڕانكاری گەورەیە و بنەماكانی سیستمی ئەمنی و سیاسی سەدەی بیستەم روو لەدارمانە.
ئەمڕۆ كوردستان دەرفەتی گەورەی لەپێشەو هەڕەشەی گەورەشی لەسەرە، بۆیە ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر گەلی كوردستان خۆسازدان و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردی گەرەكە.
شكستی رومادی دەیسەلمێنی كەبەناو سوپای عیراق زۆری ماوە ببێتە هێزێكی شەركەڕ و كاریگەر، هێزی جەنگاوەر ئەمڕۆ لەرووی مرۆڤكوژانی داعش پێشمەرگەو (هێزەكانی شیعەن، حەشدی شەعبی) نەنگەو ناڕەوایە ملیارەها دۆلار بۆ سوپای عیراق بۆ ئەو قەوارە ناكارایە لەبودجەی عیراق دابین بكرێت و پێشمەرگەش بێ مووچە بێت. كاتی هاتوە تێزی بەرگری عیراق سەرتاپا بگۆڕدرێت، چیتر لەم عیراقە سوپای سەرتاسەری و فەرماندەیی ناوەندیی بەكەڵك نایەت و فریاشی ناكەوێت.روبەڕوبونەوەی جیدی داعش پێویستی بەپشتیوانی پێشمەرگەیە، پیویستی بە پشتیوانی حەشدی شەعبیە و پیككردنیانە لە دەزگا و ریساكانی چوارچێوەی دەوڵەت و هاوكاتیش هاوكاری خەڵكی ئەنبارو سەڵاحەدین و موصلە بۆ پێكهێنانی هێزی چەكداری خۆیان بۆ بەرگر كردن لەماڵ و حاڵیان دژ بەداعش.
كاتی هاتووە باسێكی راشكاوانە لەسەر ئێستاو ئایندەی عیراق بكرێت، بەردەوام بونی ئەم وەزعەو ئەم گێژاوە لەسودی كەس نییە، هەڵكشانی داعش تەنیا بەڵا نییە بۆ بەغدا، وێرانی بەغداو ناوچەكانی تری عیراق بەڵایە بۆ كوردستانیش. ئەم وەزعە ئاگرێكە ناوچەكەی گرتۆتەوەو مەترسیدارە بۆ هەموومان، بۆیە پێویستە پێكهاتە سەرەكیەكانی عیراق زوبەزو راشكاوانە باس لەم وەزعە بكەین و كۆتایی بەم گێژاو و ئاژاوەیە بێنین و رێكەوین لەسەر شێوازێكی تری پێكەوە ژیان و بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە.
سەربەخۆیی كوردستان، مافی رەوای خەڵكی كوردستانە، بەڵام پێش چاوەڕوانی بڕیاری دەرەوە ئیرادەو بڕیاری خۆمانی دەوێت، بەهێزكردنی پێگەی دەزگا شەرعیەكانی حكومڕانی كوردستانی دەوێت، سەربەخۆیی ئابووری دەوێت، بەچاكسازی دارایی و چارەسەری كێشەكانی بژێوی خەڵك، یەكخستنەوەی بەراست و بەكردەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، گەڕانەوەی كەركوك و ناوچەكانی تر بۆ باوەشی نیشتمان، گەڕانەوەی حوكمڕانی و بڕیاری سیاسی ئەم وڵاتەیە بەدەرفەتی یەكسان و كراوە بۆ هاوڵاتیان، بۆ خزمەتكردنی نیشتمان. نەخشەرێگەی سەربەخۆیی كوردستان چارەسەری قەیرانی سیاسی و ئابوری كوردستانە دابینكردنی دادپەروەری لە بژێوی و كەسابەتی خەڵك لێرە بەڵی بۆ ڕاوێژو تەكبیر بۆ خۆسازدان بۆ ئەگەرەكان و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی، بۆ دەربازكردنی پڕۆژەی ئازادی كوردستان لەدورشمی بێكردار بەپڕۆژەیەكی نیشتمانی و بەشداربونی هێزە رەسەن و كاریگەرەكانی كوردستان.
خەونێكی دێرینە، مافێكی ڕەوایەو بەدڵنیایشەوە ئایندەیەكی نزیك چاوەڕوانە، با پڕۆەی نیشتمانی بێت و نەیدەینە دەست قەدەرو راكێش راكێشی حزبیەوە.
دووبارەی دەكەمەوە هەڕەشەی گەورەمان لەسەرە، دەرفەتی گەورەشمان لەپێشە، بۆیە ئەم قۆناغە خۆسازادن و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردی گەرەكە. 
بۆیە دەڵێین: پێویستە برینی ناكۆكی و ململانێی نێوان ئێمەو گۆڕان سارێژ بكرێن، ئێمە هاوسەنگەرو هاوڕێ بوین لەرۆژانی سەختی خەبات، بۆیە پێویستیەكی حزبیە و پێویستی رۆژانەی خەڵكیشە، گرژی و ناكۆكیمان زیانی بۆ خۆمان و بەڵكە بۆ نێو ماڵی كوردیش هەیە، رێكەوتن و پێكهاتنەوەی یەكێتی و گۆڕان، پێویستیەكی ئەم سەردەمەیە بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد و سازادنی تواناكانمان بۆ ئەگەرەكانی پێشمان.
پاراستنی هاوپەیمانی و هاوكاریمان لەگەڵ پارتی بنەمای یەكڕیزی گەلی كوردستانە، پاراستنی ئاسایش و ئارامی وڵاتەكەمانە، ئەو هاوپەیمانیە لەساڵانی رابردوو بووە مایەی دەسكەوتی گەورە بۆ كورد، بێگومان پاراستن و بەهێزكردنی هاوپەیمانی لەسەر بنەمای بەشداری راستەقینەو بەكردەوەی یڕیاری سیاسی كوردستان.
ئەمرۆِ كوردستان پێویستی بەیەكریزی هەیە، نەك تەنها یەكێتی گۆڕان، نەك تەنها یەكێتی و پارتی بەڵكە گشت هێزە سەرەكیەكان، هاوكارو هەماهەنگبین بۆ بەرنامەیەكی نیشتمانی بۆ چاكسازی بنەڕەتی و سیاسی و چارەسەركردنی كێشەكانی بژێوی خەڵك و خۆسازدان بۆ ئەگەرەكان و پشتیوانی پێشمەرگە لەبەرەكانی جەنگ.
ئەگەر 40 ساڵ لەتەمەنی یەكێتی و تۆماری گیانفیدایی و لەخۆبوردویی و خوێن بەخشین و ماندوبونی ئێوە بێت، كەهەموومان شانازی پێوە دەكەین، ئەوا جێی خۆیەتی، ئەو تەمەنە هاندەرمان بێت بۆ ئەوەی دور لەدروشمكاری و بەشێوەیەكی واقیعیانە، كار بكەین بۆ ئەوەی یەكێتی خاوەن پێگەو كاریگەری شایستەی خۆی بێت.
یەكێتی ئەمڕۆ دوچاری كۆمەڵێك كێشە بۆتەوە، خوزیا لەم یادە پیرۆزەدا بمانتوانیایە موژدەی چارەسەری راستەقینەمان بەخەڵك رابگەیەندایە، بەڵام بەداخەوە جارێ ماوە. كێشەكان بەچاوپۆشین و بەرێكردن و بەوتار چارەسەر نابن، بەڵام بڕیارو كاری بوێرو لەخۆبوردەیی لەهەموومانی پێویستە. داواكاریەكانی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان و رێكخستنە دێرینەكان و پێشمەرگەو كەئەندامانی سەنگەر بەرز ئەنرخێنین نەخشە رێگایەكی گونجاوە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، سوپاسی خەمخۆری و پەرۆشیان دەكەین، پێویستە هاوكار بین بۆ بەدواداچونی پێشنیازەكانیان بۆ ئەو ئامانجەش ئێستا جێگەو وەختیەتی كەبەكەڵك وەرگرتن لەیەكەم مانیفێستۆی یەكێتی ((یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆچی)) هەموومان پێكەوە بەپەرۆشیەكی دڵسۆزانەوە لەمەڕ بەردەوامی بەڕێوبردنی یەكێتی، ئەم ئاراستەو شێواز و میكانیزمە پرسیارە جیدیەكە بەقازانجی یەكێتی و تێكۆشەرانی، بگرە بەقازانجی گەلەكەشمان بوروژێنین و بپرسین دوای 40 ساڵ لەتێكۆشان و قوربانیدان ((یەكێتی بەرەو كوێ؟))
ئایا یەكێتی تەنها حزبی شانازی و سەروەری و دەسكەوتەكانی رابردوە؟ یان یەكێتی حزبی ئایندەشە، حزبی خاوەن پڕۆژەی چارەسەری راستەقینەی قەیرانەكانی بژێوی خەڵك و دادپەروەری كۆمەڵایەتیە بۆ ئێستاو ئایندە؟ ناكرێ وەك مام جەلال دەفەرموێت لەسەر تاجەگوڵینەی سەركەوتنەكان پاڵ بدەینەوە، ناكرێ بەناوی شانازی بەرابردوو ئیستحقاقی ئایندە و، پێویستیەكانی نوێبونەوەو چارەسەركردنی راست و بەكردەوەی كێشەكان نادیدە بگرین.
دڵسۆزی بۆ یەكێتی راستگۆیانە چارەسەركردنی كێشەكانە، كۆبونەوەمان بۆ پەردەپۆشكردنی كێشەكان و چاوپۆشین نییە لەقەیرانەكان، یەكێتی بەرگەی پەردەپۆشكردن ناگرێت، چارەسەری بەكردەوەی گەرەكە بۆ بەرنامەی بوژاندنەوەو پاراستنی پێگەی لەبڕیاری سیاسی و حوكمڕانی و نەتەوایەتیدا. یەكێتی نێو یەكێتی بۆ بەرژوەندی گەل، بۆ بەرگری لەكوردستان بۆ نوێبونەوەو ئاوەدانی و خزمەتی خەڵك و یەكریزی گەل.
لێرەوە لەیادی 40 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی لەوەڵامی چاوەڕوانی تێكۆشەرانی یەكێتیدا، باهەوڵی جیدی و بەكردەوەی چارەسەر بدەین.
سڵاو لەپێشمەرگە، ئێوە سەروەری گەلی كوردستانن
یادو یادەوەری شەهیدان هەر بەرزو زیندوو بێت
سڵاو بۆ رێبوارانی كاروانی خەباتی یەكێتی
سڵاو لەتێكۆشەرانی یەكێتی
سڵاو لەرابەرو مامی گەورەمان مام جەلال
سڵاو لەخەڵكی كوردستان




AM:12:34:01/06/2015