ئەمڕۆ سەرکردە ناکۆکەکانی یەکێتی جگە لەوەی لەگەڵ پێشمەرگە کۆنو کەمئەندامو رێکخستەنەکاندا کۆبوونەتەوە، هاوکات خۆشیان کۆبوونەوەیەکیان سازکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەمڕۆ ٦/٢ جگە لەکۆبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگە دێرین و رێکخستنە دێرینە مانگرتووەکانی بەردەم مەکتەبی سیاسی، سەرکردە ناکۆکەکانی یەکێتی لەنێوخۆشیاندا کۆبوونەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە کۆبوونەوەکەی نێوان هەر سێ بەرپرسە ناکۆکەکە (کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم)، بە بەشداری مەلا بەختیار و دلێری سەید مەجید سازکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی سپی لەو کۆبوونەوەیەدا رێککەوتوون کە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سازبکرێت.
سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد کە بڕیاردراوە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی بەیانی ٦/٣ کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ لەبینایەی مکتەبی سیاسی لە سلێمانی سازبکرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە وا بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی بەیانی مەکتەبی سیاسیدا هەر سێ بەرپرسە ناکۆکەکە ( کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم ) بەڕاشکاوانە گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی ناو یەکێتی و ناکۆکی نێوانیان بکەن.
لەمانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٤ ەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوەی سازنەکردووە، یادی ٤٠ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی بووبە دەرفەتێک بە ئامادەبوونی تاڵەبانی ٥/٣٠ لە بینایەی مەکتبی سیاسی سەرکردایەتی و پەرلەمانتاران و وەزیرەکانی یەکێتی کۆببنەوە، ئەمڕۆش جارێکی تر سەرکردە ناکۆکەکانی یەکێتی کۆبوونەتەوە.