عیماد ئەحمەد کرا بە وتەبێژ..هەفتەی داهاتوو مەکتەبی سیاسی جارێکی تر کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە بەشداری هەردوو جێگری سکرتێرو هێرۆ ئیبراهیم کە بەباڵە ناکۆکەکانی یەکێتی هەژمار دەکرێن لەبینایەی مەکتەبی سیاسی لەسلێمانی کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی عیماد ئەحمەد بکرێت بە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە دوای کۆبوونەوەکە سازکرا، عیماد ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ٦/١٣ جارێکی تر مەکتەبی سیاسی کۆدەبێتەوە.

ناوبراو وتیشی: راپۆرتی پێنج لیژنەکە هەندێکیان تەوا بوون، لیژنەی دارایش داوای دەسەڵاتی زیاتری کردووە، مەکتەبی سیاسی بڕیاری داوە دەسەڵاتیان فراوان بکات تا راپۆرتەکەیان تەواو بکەن.

عیماد ئەحمەد ئەوەی ئاشکرا کرد کە لیژنەکانی تر راپۆرتەکانیان تەواو کردووەو خستویانەتە بەردەستی مەکتەبی سیاسی تا ئەوانیش هەڵسەنگاندنی خۆیانی بۆ بکەن و دوایی پێیان بدەنەوەو تا تەواوی بکەن و ببێتە بەرنامەی یەکێتی.

ئەو وتی هیچ قسەیەک لەبارەی بەستنی کۆنگرەوە نەکراوە. 

مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردایەتی ماوەیەکی زۆرە لەبەر کێشە ناوخۆیەکان کۆنەبوونەتەوەو کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەو بەستەڵەکەی شکاند.




PM:02:18:03/06/2015