نێچیرڤان: عێراق پابەند نەبوو هەرێم بیر لە رێگەچارەی دیكە دەكاتەوە


سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، " ئەگەر عێراق هەر پابەندی رێككەوتنەكە نەبوو و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی وەك پێویست نەنارد، ئەوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناچاری بیر لە رێگەچارەیەكی دیكە دەكاتەوە".

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2015 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك كۆبووەوە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەکردووە، کە لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک تیشكیان خستووەتە سەر ئەوەی، كە شەڕی دژی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش بارقورسییەكی زۆری خستووەتە سەر سنووری پارێزگای دهۆك، هەم لە رووی زۆری ژمارەی شەهید و برینداران و هەمیش لەڕووی زۆری ژمارەی ئاوارە و پەنابەران، كە روویان لە سنووری پارێزگاكە كردووە.

 هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، كە وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی پارێزگای دهۆك بە تایبەتی ئەوانەی كە پەیوەندییان بە چۆنییەتی مامەڵەكردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاوارە و پەنابەرانەوە هەیە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی خۆی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ خەڵكی ناوچەكە دووپاتكردەوە، کە هەڵوێستی خەڵکی دهۆک لە پێشوازیکردنی ئاوارە و پەنابەران بە شانازییەوە لە مێژوودا تۆماردەكرێت و هیوای خواست، كە لە سەر هەمان ئەم هەڵوێستە و مامەڵە مرۆڤدۆستییە لەگەڵ ئاوارە و پەنابەراندا بەردەوام بن.

هەروەها بارزانی راشیگەیاند، كە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی حكومەتی خۆجێیی دهۆك دامەزرێت و هەموو لایەنە بەشدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری تێدا بكەن.

 لە وەڵامی پرسیارەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكدا دەربارەی دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا، سەرۆك وەزیران دووپاتیكردەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە خوازیارە هەموو كێشەكانی بواری نەوت لەگەڵ بەغدا لەڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە چارەسەر بكات، و بە تەواوی پابەندی رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا و بەردەوامیش دەبێت و هیواخوازە عێراقیش بە هەمان شێوە پابەندی رێككەوتنەكە بێت و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی رێككەوتنەكە كە بووەتە بەشێك لە یاسای بودجەی گشتی عێراق بنێرێت.




PM:04:25:04/06/2015