ئاگرێک لە یەکێک لە کەمپی ئاوارەکانی خانەقین دەکەوێتەوەو ٤٣ خێمە دەسووتێن و ٤ ئاوارەش رووبەڕووی تەنگەنەفەسی دەبنەو دەگەیەنرێنە نەخۆشخانە.
بەڕێوەبەری کەمپی ئاوارەکانی خانەقین ئایدن حەسەن لە لێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا رایگەیاند: کاتژمێر ١١.٣٠ پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی ئامادەکردنی خواردنەوە لە یەکێک لەخێمەی ئاوارەکانی کەمپی عەلیاوەی سەر ڕێگای خانەقین – حەلوان، ئاگرێک دەکەوێتەوە لە ئەنجامدا ٤٣ خێمە ئاگر دەگرن.
ناوبراو وتیشی : جگە لەو زیانە مادیانە ٤ هاولآتی ئاوارەش دووچاری خنکاندن بوونەوەو دواتر لەنەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کرا.
لە قەزای خانەقین ژمارەیەک کەمپی ئاوارەکانی شەڕی تایفەگەری و شەڕی داعش هەیەو نزیکەی ١٠٠ هاولآتی گرتۆتە خۆی لە ئاوارەی کوردو عەرەب و تورکمان کە زۆربەیان لەناوچە جێناکۆکەکانەوە هەڵهاتوون.