چین بەچاوێکی پڕ بایەخەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پێشوازی تان بانگین، کونسوڵی گشتی وڵاتی چین لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت "چین وڵاتێکی گەورە و کاریگەرە لەناوچەکەدا، پێمان خۆشە پەیوەندی لە نێوان هەرێمی کوردستان و چین پەیوەندییەکی بەهێز بێت، بەتایبەتیش لە بواری دیبلۆماتی و ئابوری و زانستی و وەربەرهێناندا، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیاکانی چین دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لەو بوارانەدا ببینن.
ئەمڕۆ ٤ شەممە، ١٠-٦ د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیکرد لە تان بانگین، کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کونسوڵی چین بەبۆنەی کردنەوە کونسوڵخانەکەیان لە هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر کاریگەریی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکەی و وتی "چین بەچاوێکی پڕ بایەخەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوری و داهاتی سرووشتی و کشتوكاڵەوە دەوڵەمەندە، لە داهاتووشدا پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا هەنگاوی گەورە دەنێت.
پاشان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی وڵاتی چینی کرد لە کردنەوەی کونسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان و وتی "هیوادارین لەمەودوا وڵاتی چین هاوکارمان بێت لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان و گەشەکردن لەبواری پیشەسازیدا، چونکە وڵاتەکەتان لەو بوارانەدا، یەکێکە لەوڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیا.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لۆگۆی تایبەتی پەرلەمانی پێشکەش بە کونسوڵی نوێی چین کرد.
PM:02:07:10/06/2015