شەڕڤانانی یەپەگە لە رۆژهەڵاتی شاری گردە سپی لە پێشڕەویدان و خەریکە لەگەڵ شەڕڤانانی کوبانێ لەرۆژئاوای شارەکەوە پێکدەگەن.
ئاژانسی هاواری نزیک پەیەدە رایگەیاند شەڕڤانانی جەزیرە لە رۆژهەڵاتی گردە سپی ئێوارەی ئەمڕۆ توانیان لە رووباری ( جلبی ) بپەڕنەوەو بەتەواوی لە هێزەکانی شەڕڤانانی کوبانێ نزیکببنەوە کە لەرۆژئاواوە هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکانی داعش لە گردە سپی.
هەر ئەمڕۆ بەتەواوی شارۆچکەی سلوک ٤٣ گوندو ٢٠ مەزرای رزگارکران کە شەڕڤانان لەبەر مینڕێژکردن نەیانتوانیەوە بچنە ناو شارەکەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە میدیاکانی تورکیا باس لە ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی گردە سپی دەکەن کە ئەمڕۆ ئەو وڵاتە دەرگای بۆ کردوونەتەوە، لە کاتێکدا تا دوێنێش چەکدارانی داعش رێگایان نەدەدا بچەنە ناو تورکیاوە.