حەشدی شەعبی رێگریی لە گەڕانەوەی ئاوارەكانی سەعدیە دەكات

بەرپرسێكی پارتی لە خانەقین رایدەگەیەنێت میلیشیا شیعەكانی ناسراو بە حەشدی شەعبی رێگری لە ئاوارەكانی سەعدیە دەكەن بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان.

لەمبارەیەوە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین بە ماڵپەری فەرمی حیزبەكەی وت "دوێنێ لیستێكی ٢٣٥خێزانی ئامادە كرا بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئەو خێزانە ئاوارانە بگەرێنەوە بۆ سەر ماڵەكانیان لە سەعدییە و بەیانی ئەمڕۆ سەعات حەوتیش بەڕێوەبەری ناحیە لەگەڵیان چوو بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵام لەلایەن بازگەی حەشدی شەعبییەوە رێگەیان لێ گیرا و دەرفەت نەدرا بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵەكانیان، بۆیە بەشێك لەو ئاوارانە جارێكی دیكە گەڕانەوە خانەقین".

وتیشی، بیانووی حەشدی شەعبی ئەوەیە كە بە بێ پرسی ئەوان گەڕاونەتەوە و ناكرێت بە پرسی هیچ لایەنێك جگە لە ئەوان، بگەڕێنەوە.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی:  ئەمە پێشینەیەكی مەترسیدارە و لە ئێستادا جگە لەوەیش كە خەندەق بە دەوری سەعدییەدا لێدەدەن بە بیانووی پشتێنی ئەمنی، بەڵام ئەمە جیاكردنەوەی سەعدییەیە لە ناوچەكە.




PM:01:45:20/06/2015