یه‌کێتی داوا ده‌کات سه‌رۆکی هه‌رێم له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت

یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان پرۆژه خۆی بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ئاشکرا کردو داوا ده‌کات سه‌رۆکی هه‌رێم له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان پرۆژه‌ی هه‌موارکراوی به‌ ئیمزای په‌رله‌مانتاره‌کانه‌وه‌ ئاشکرا کردوو له‌و پرۆژه‌یه‌دا هاوشێوه‌ی پرۆژه‌که‌ی گۆڕان داوا ده‌کات سه‌رۆکی هه‌رێم له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێریدرێت.

پرۆژه‌که‌ که‌ کۆپییه‌کی بۆ سپی نێرداوه‌، به‌رپرسی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی هه‌رێم له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم سه‌ندراوه‌ته‌وه‌و دراوه‌ به‌ سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران.

به‌م پێیه‌ یه‌کێتی و گۆڕان که‌ 18 کورسی و 24 کورسی که‌ ده‌کاته‌ 42 کورسی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێن.  

پڕۆژە یاسای هەمواری چوارەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەمواركراو

ماددەی یەكەم
ماددەیەك بۆ یاساكە زیاد دەكرێت بە ناوی پێناسەكان.
1-هەرێم: هەرێمی كوردستان.
2-سەرۆكی هەرێم: سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
3-دەستەی هەڵبژاردن: دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم.

ماددەی دووەم
ماددەی یەكەمی هەمواركراو لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 هەموار دەكرێ و بەم شێوەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
هەرێمی كوردستان – عێراق سەرۆكێكی دەبێت بە (سەرۆكی هەرێمی كوردستان- عێراق) ناودەبرێ و نیشانەی یەكگرتویی گەل و خاكی كوردستانە، نوێنەرایەتی هەرێم لە نێوەندە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەكان،و لە بۆنە فەرمی و گشتی و نیشتمانیەكاندا دەكات، و هەڵدەستێ بە هەماهەنگی كردن لە نێوان دەسەڵاتەكانی ئیتحاد و دەسەڵاتەكانی هەرێم.

ماددەی سێ یەم:
ماددەی دووەم لە یاساكە هەڵدەوەشێتەوەو ئەم ماددەیە شوێنگرەوەیەتی:
یەكەم: دەستەی هەڵبژاردن لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم پێكدێت.  
دووەم: دەستەی دەنگدەران لە نێوان پاڵێوراوەكاندا بە دەنگی (3/2)ی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامەكانی، لە دەنگانی نهێنیدا سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت.
سێیەم: ئەگەر هیچكام لە پاڵێوراوەكان دەنگی پێویستیان نەهێنا بەو شێوەی كە لە خاڵی یەكەمی ئەم ماددەیەدا هاتووە، ئەوا دووبارە هەڵبژاردن دەكرێتەوەو كێبەڕكێ لە نێوان ئەو دوو پاڵێوراوەدا ئەنجام دەدرێت كە زۆرترین دەنگیان هێناوە، ئەو كەسەش كە لە دەنگدانی دووەم زۆرترین دەنگ دەهێنێت دەبێت بە سەرۆكی هەرێم.
چوارەم: لە كاتی یەكسان بوونی ژمارەی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی دووەم، هەڵبژاردنی سێیەمی بۆ دەكرێت ئەگەر هەر یەكسان بوون، ئەوا هەڵبژاردنی چوارەمی بۆ دەكرێت بە مەرجێك ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنانە لە نێوان ئەو دوو پاڵێوراوە لە پازدە ڕۆژ تێپەڕ نەكات. 
پێنجەم: ئەگەر بۆ پڕۆسەی خۆپاڵاوتن تەنها یەك پاڵێوراو هەبوو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم ئەوا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، ئەو پاڵێوراوەش بە سەركەوتوو دادەنرێت ئەگەر زۆرینەی (3/2)دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی بەدەست هێنا، ئەگەر ئەو ڕێژەیەی بەدەست نەهێنا ئەوا دەستەی هەڵبژاردن لە كۆبونەوەكەی بەردەوام دەبێت و ئەو پاڵێوراوەش بە سەركەوتوو دادەنرێت كە زۆرینەی دەنگ لە هەڵبژاردنی دووەم بە دەست دەهێنێت.

ماددەی چوارەم:
ماددەی سێیەمی یاساكە هەڵدەوەشێتەوە ئەو ماددەیە شوێنگرەوەی دەبێت:
یەكەم: ماوەی ویلایەتی بۆ (4) چوار ساڵ دەبێت و، تەنها بۆ یەك خولی تریش دەتوانێت خۆی بپاڵێوێتەوە.
دووەم: ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لە ڕێكەوتی هەڵبژاردنی لەلایەن پەرلەمان دەست پێدەكات و بە كۆتایی هاتنی خولی پەرلەمان كۆتایی پێدێت.
سێیەم: سەرۆكی هەرێم لە كارەكانی بەردەوام دەبێت، تا دوای هەڵبژاردن و یەكەم دانیشتنی خولی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بە جۆرێك سەرۆكی نوێی هەرێم لە ماوەی چل و پێنج ڕۆژ لە ڕێكەوتی یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمان هەڵبژێرێردرێت.

ماددەی پێنجەم:
(ماددەی چوارەم)ی یاساكە هەڵدەوەشێتەوە. 

ماددەی شەشەم:
ماددەی پێنجەم لە یاساكە هەڵدەوەشێتەوە ئەو ماددەیە شوێنگرەوەی دەبێت:
مەرجەكانی پاڵێوراو بۆ سەرۆكی هەرێم:
1-هاوڵاتی و نیشتەجێی كوردستان- عێراق بێت.
2-دەبێت شارەزاو خاوەن ئەزموون بێت لە بواری سیاسی.
3-ئەگەر ڕەگەزنامەی وڵاتێكی تری هەبوو دەبێت دەست بەرداری ببێت.
4-شیاوی تەواو بێت و تەمەنی لە(40) چل ساڵ كەمتر نەبێت.
5-لە گشت مافە مەدەنی و سیاسیەكان بەهەرەمەند بێت.
6-بە تاوانی شەرەف حوكم نەدرابێت.
7-بەشدار و هاوكار نەبوو بێت لە هیچ پڕۆسەیەك، كە لەلایەن ڕژێمی بەعس و، هێزە داگیركەرەكانی كوردستان دژ بە خاك و خەڵكی كوردستان ئەنجام درابێت.
8-ئەگەر پاڵێوراو بۆ سەرۆكی هەرێم ئەندام پەرلەمان نەبوو دەبێت بتوانێت بە لایەنی كەم واژۆی (15) پانزە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ خۆ كاندیكردنەكەی بەدەست بهێنێت.

ماددەی حەوتەم:
(ماددەی شەشەم) یاساكە هەڵدەوەشێتەوە. 

ماددەی هەشتەم:
ماددەی حەوتەم لە یاساكە هەڵدەوەشێتەوەو ئەو ماددەیە شوێنگرەوەیەتی:
یەكەم: خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لە ماوەی (7) حەوت ڕۆژ لە ڕێكەوتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە خولی یاسادانانی نوێیدا ڕادەگەیەنرێت.
دووەم: پشتگیری (تزكیە) ئەندامانی پەرلەمان بۆ پاڵێوراوی سەرۆكایەتی هەرێم بە گوێرەی ئەو نمونە دەبێت كە سەرۆكایەتی پەرلەمان ئامادەی دەكات، ئەو نمونەیەش زانیاری تایبەت بە كەسایەتی پاڵێوراو و، كەسایەتی ئەو ئەندامەی پشتگیری دەكات لەخۆ دەگرێت، دروستی واژۆ و زانیاریەكانی نێو نمونەكەش بە ئاگاداری سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت. 
سێیەم: ئەو كەسانەی كە ئارەزووی خۆپاڵاوتنیان هەیە و مەرجەكانی (ماددەی پێنجەم)ی ئەم یاسایەیان تێدایە، داواكاریەك پێشكەش بە پەرلەمان دەكەن هاوپێچ بە بەڵگەنامە ڕەسمیەكان لە ماوەیەك كە لە (10) دە ڕۆژ تێپەڕ نەكات لە ڕاگەیاندنی دەرگای خۆپاڵاوتن.
چوارەم: ئەو بەڵگە نامە ڕەسمیانەی كە پاڵێوراو پێشكەشی دەكات، بە ئەوراقی ڕەسمی دادەنرێن لە جێبەجێكردنی حوكمەكانی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969.
پێنجەم: سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ماوەی (3) سێ ڕۆژ ناوی ئەو پاڵێوراوانە ڕادەگەیەنێت كە مەرجە یاساییەكانیان تێدایە.
شەشەم: هەر كەسێك ناوی لەو ڕاگەیاندنە نەبوو كە لە بڕگە پێنجەمی ئەو ماددەیە هاتووە، ئەوا مافی تانە گرتنی هەیە لەبەرامبەر دادگای تەمییز بە داوایەكی نوسراو لە ماوەیەك كە لە (3) ڕۆژ تێپەڕ نەكات لە مێژووی ڕاگەیاندنەكە.
حەوتەم: دادگا هەڵدەستێ بە دەركردنی بڕیارێك لە ماوەی (3) ڕۆژ لە تۆماركردنی داواكە لەو داوایەی كە بەگوێرەی بڕگەی (شەشەم)ی ئەو ماددەیە پێشكەشی كراوە، بڕیارەكەشی یەكلایكەرەو و مولزەمە، لە ماوەی (3) سێ ڕۆژ لە مێژووی دەركردنی بڕیارەكە سەرۆكایەتی پەرلەمانی لێ ئاگادار دەكاتەوە.
هەشتەم: سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەستێ بە ڕاگەیاندنی ناوی ئەو پاڵێوراوانەی كە دادگای تەمییز خۆپاڵاوتنیانی قەبوڵ كردووە.
نۆیەم: پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی (45) چل و پێنج ڕۆژ لە ڕێكەوتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت.

ماددەی نۆیەم:
ماددەی هەشتەم لە یاساكە هەڵدەوەشێتەوە و ئەمە شوێنی دەگرێتەوە:
یەكەم: سەرۆكی هەرێم لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە ڕۆژی سوێند خواردنی، جێگرێك بۆ خۆی دەپاڵێوێت و، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی دەنگی لەسەر دەدرێت و، جێگری سەرۆك دەبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكان و، لە كاتی ئامادەنەبوونی سەرۆكیشدا جێگرەكەی بە دەسەڵاتی تەواوەوە جێگەی دەگرێتەوە.
دووەم: دەبێت جێگر هەمان ئەو مەرجانەی تێدا بێت كە لە (ماددەی پێنجەم)ی ئەم یاسایەدا هاتووە.
سێیەم:ماوەی ویلایەتی جێگری سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سوێند خواردنی دەست پێدەكات و بە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ كۆتایی پێدێت.
چوارەم: جێگری سەرۆكی هەرێم ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوەی دەبێت:
1-ڕاپەڕاندنی ئەرك و فەرمان و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە حاڵەتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆكی هەرێم.
2-ڕاپەڕاندنی ئەو كارانەی كە سەرۆكی هەرێم ڕایدەسپێرێت.
3-مومارەسەكردنی ئەو دەسەڵاتانەی كە سەرۆكی هەرێم پێی دەدات.
پێنجەم: ئەگەر بە هەر هۆكارێك پۆستی جێگر چۆڵ بوو ئەوا سەرۆكی هەرێم لە ماوەی (30) سی ڕۆژ بە هەمان ڕێكاری بڕگەی (یەكەم)ی ئەو ماددەیە كەسێكی تر بۆ ئەو پۆستە دەپاڵێوێت. 
 
ماددەی دەیەم:
ماددەی حەوتەم لە یاساكە هەموار دەكرێتەوەو بەم شێوەیە دەخوێندرێتەوە:
یەكەم: سەرۆكی هەرێم دوای هەڵبژاردنی و بەر لە دەست بەكاربوونی ئەم سوێندەی خوارەوە لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان- عێراق دەخوات:
(سوێند بێت بە خودا، پارێزگاری لە مافەكان و دەستكەوتەكان و یەكڕیزی و بەرژەوەندیەكانی هاوڵاتیانی كوردستان –عێراق بكەم و، ئەرك و فەرمانەكانم، بە دروستی و دڵسۆزی ئەنجام بدەم).
دووەم: سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی تا كۆتایی ماوەی ویلایەتەكان واز لە كاری حزبی دەهێنن.

ماددەی یازدەم:
ماددەی نۆیەم لە یاساكە هەڵدەوەشێتەوە.

ماددەی دوازدەم:
بڕگەی (یەكەم، سێیەم، چوارەم، شەشەم، هەشتەم، دوازدەم، چواردەم، پازدەم، شازدەم، حەڤدەم، هەژدەم) لەماددەی دەیەم هەموار دەكرێتەوە و بڕگە (پێنجەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەم) لە هەمان ماددە هەڵدەوەشێتەوە، بەم شێوەی خوارەوە دەبێت:
 یەكەم:
1-پێشنیاركردنی پرۆژە یاساو بڕیاری تایبەت بە سەرۆكایەتی هەرێم، بۆ پەرلەمانی كوردستان.
2- واژۆكردنی ئەو یاساو بڕیاڕانەی كە پەرلەمانی كوردستان دەریان دەكات، لە ماوەی (15) پازدە رۆژدا، لە بەرواری گەیشتنی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە لەو ماوەیەدا ناڕەزایی لە سەر هەموو، یان هەندێك لە ناوەڕۆكی ئەو یاسا و بڕیارەی كە ئاڕاستەی كراوە دەر ببڕێت و، بیانێرێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ پێداچونەوەیان، تەنها بۆ جارێك، دواتر بڕیاری پەرلەمان لە سەریان بنبڕ دەبێت، ئەگەر سەرۆك لەو ماوەیەدا واژۆی لە سەر یاسا و بڕیارەكان نەكرد و ناڕەزایشی لە سەریان نەبوو، ئەوە بە دەرچوو دادەنرێت و، لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو دەكرێنەوە.
3-ئەو مەرسوم و بڕیارە سەرۆكایەتیانەی لەو یاسای هاتووە بە دەرچوو دادەنرێت دوای تێپەڕبوونی پانزە ڕۆژ لە ڕێكەوتی وەرگرتنی داواكاریەكە ئەگەر سەرۆك لەو ماوەیە دەری نەچواند پەرلەمان لە ڕۆژنامەی ڕەسمی بڵاویان دەكاتەوە.

سێیەم: لە ماوەی (15) پازدە رۆژدا، لە رۆژی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی گشتیەوە، مەرسومی بانگهێشتكردنی پەرلەمان، بۆ كۆبونەوەی یەكەمی خولی هەڵبژاردنی نوێ‌ دەردەكات و، ئەگەر ئەوەی نەكرد ئەوا پەرلەمان لە خۆیەوە، لە رۆژی دوای كۆتایی ماوەكەوە لە كاتژمێر (11)ی بەیانی كۆ دەبێتەوە. 

چوارەم: لەم حالەتانەی خوارەوە بە مەرسوم، پەرلەمانی كوردستان- عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە:
1.پەرلەمان بە زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامەكانی هەڵدەوەشێتەوە، لە سەر داوای یەك لە سەر سێی ئەندامەكانی، یان لە سەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و، بە رەزامەندی سەرۆكی هەرێم.
2.ئەگەر پەرلەمان نیسابی یاسایی لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە ڕێكەوتی بانگهێشتكردنی بۆ دانیشتنی پەرلەمان تەواو نەكرد.
3.ئەگەر پتر لە نیوەی ئەندامەكانی دەستیان لەكار كێشایەوە.
4.ئەگەر لە ماوەی (45) چل و پێنج ڕۆژدا لە بانگهێشتكردنی بۆ كۆبونەوەی خولی هەڵبژاردن، ژمارەی یاسایی ئەندامان بە دەست نەهات.
5.ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە ئەنجومەنی وەزیران، لە سێ كابینەی وەزاری جیاوازی یەك لە دوای یەكدا نەدا.
6.ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕاو ، خولی هەڵبژاردنیش، (6) شەش مانگ یا كەمتری مابوو. 
7.نابێت پەرلەمان لە ماوەی لێپرسینەوە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندا هەڵبوەشێتەوە.

شەشەم: دەركردنی لێبوردنی تایبەت لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی باڵا  دادوەری، جگە لەو تاوانانەی خوارەوە:
1-ئەو تاوانانەی گرێدراوە بە ئاسایشی ناوەخۆ و دەرەوەی هەرێم.
2-بازرگانی كردن بە هۆشبەرەكان.
3-بازرگانی كردن بە داو و دەرمان و خۆراكی تێكچوو.
4-بەرتیل و دزینی سامانی گشتی.
5-تەزویر كردنی دراو و كاغەزی پارەو بانكەنۆت.
6-زینای مەحرەم.
7-دەستدرێژی سێكسی و نێربازی و هەتك كردنی نامووس.
8-تاوانی كوشتن بە بیانووی ئابڕوو سڕینەوە.
9-گەندەڵی دارایی و كارگێڕی.

حەوتەم:
1-جاڕدانی باری نا ئاسایی،بە پێی یاسایەك دوای ڕەزامەندی (3/2) دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، لەسەر داوای هاوبەشی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ دۆخەكانی شەڕی بەرگری لە مەترسی هێزی دەرەكی، یان رودانی كارەساتی سروشتی، یان بڵاوبونەوەی نەخۆشی، بۆ ماوەی تەنها (30) سی رۆژ، دەتوانرێت بەهەمان ڕێوشوێن نوێ‌ بكرێتەوە.
2-لە كاتی ڕاگەیاندنی باری نا ئاسایی ئەنجومەنی باری نائاسایی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەرێم و سەرۆك و جێگری ئەنجومەنی وەزیران پێك دێت بۆ ئیدارەی كاروباری هەرێم لە ماوەی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی.
3-دەبێت ئەنجومەنی باری نائاسایی ئەو ڕێكارانەو ئەنجامانەی لە ماوەی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی گرتیتیانە بەر، لە ماوەی (15) ڕۆژ لە مێژووی تەواو بونی بخەنە بەردەم پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەری. 
 دوازدەم:
1.دوای دەستنیشانكردنی لەلایەن پەرلەمانی كوردستان سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بە پێكهێنانی وەزارەت لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە مێژووی ڕاسپاردنی.
2.لە حاڵەتی شكستی پاڵێوراوی راسپێردراوی یەكەمدا، دوای دەست نیشانكردنی لەلایەن پەرلەمان كەسێكی تر رادەسپێرێت، بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، لە ماوەی (20) بیست رۆژدا.
3.لە حالەتێك ئەگەر پاڵێوراوی دووەمیش نەیتوانی لە ماوەی دیاریكراو حكومەت پێك بهێنێت ئەوا دوای دەست نیشانكردنی لەلایەن پەرلەمان كەسێكی تر رادەسپێرێت، بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، لە ماوەی (20) بیست رۆژدا. 

سیازدەم:
مەرسومی قبوڵكردنی دەست لەكار كێشانەوەی ئەنجومەنی وەزیران، یان وەزیر دەردەچوێنێ‌ و داواشیان لێ‌ دەكا لە كارەكانیان بەردەوام بن بۆ بەڕێكردنی كاروباری رۆژانە، تا دەستبەكار بوونی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیری نوێ‌. 

چواردەم:
كاتێ‌ پەرلەمانی كوردستان، متمانە لە ئەنجومەنی وەزیران، یان وەزیر وەردەگرێتەوە، سەرۆكی هەرێم مەرسومی قبوڵكردنی متمانە وەرگرتنەوەكەیان دەردەچوێنێ‌ و، داواشیان لێ‌ دەكا لە كارەكانیان بەردەوام بن بۆ بەڕێكردنی كاروباری رۆژانە، تا دەستبەكار بوونی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیری نوێ‌. 

پازدەم:
دەركردنی مەرسومی دامەزراندن و لابردنی خاوەن پلە تایبەتەكانی حكومەتی هەرێم، لە سەر پێشنیاری وەزیری پەیوەندیدارو ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران.

شازدەم: دەركردنی مەرسومی دامەزراندنی دادوەران و سەرۆك و ئەندامانی داواكاری گشتی دوای پاڵاوتنیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری باڵا و پەسەند كردنی لەلایەن پەرلەمانی كوردستان. 

حەڤدەم:
دەركردنی مەرسوم بۆ پێدانی پلەی سەربازی بە ئەفسەرانی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەندامان و ئەفسەرانی ئەنجومەنی ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و، دەركردنیان و، خانەنشین كردنیان، لە سەر داوای ئەنجومەنی وەزیران.

هەژدەم:
دەركردنی مەرسوم بۆ:
1-ڕێگە دان بە هاتنی هێزە چەكدارەكانی فیدراڵ بۆ ناو هەرێم لەسەر پێشنیاری ئەنجومەنی وەزیران و ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستان.
2-ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم لەسەر پێشنیاری ئەنجومەنی وەزیران و ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستان.

نۆزدەم (دووبارە): بەخشینی نیشانەو مەدالیا، بە مەرسومێك لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرن و بەگوێرەی یاسا. 

بیستەم:
دەركردنی مەرسوم بە دامەزراندنی سەرۆك و ئەندامانی دەستەو كۆمسیۆنە سەربەخۆكان دوای پەسندكردنی پەرلەمان بۆ پاڵێوراوەكان.

ماددەی سیازدەم:
ماددەی پازدەم هەموار دەكرێتەوەو بەم شێوەیە دەخوێندرێتەوە:
یەكەم: ئەگەر پلەو پایەی سەرۆكی هەرێم، لەبەر هەر هۆیەك لە هۆیەكان چوڵ بوو، جێگرەكەی جێگەی دەگرێتەوە، بۆ تەواوكردنی ئەو ماوەی بۆ ویلایەتی سەرۆكی هەرێم ماوە.
دووەم: سەرۆكی نوێ لە ماوەی (30) سی ڕۆژ –لە ڕۆژی سوێند خواردنی جێگری خۆی دەپاڵێوێت بۆ ئەوەی لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت، بەم شێوەی كە لە ماددەی (هەشتەم)ی ئەو یاسایە هاتووە. 

ماددەی چواردەم:
ماددەی شازدەم هەموار دەكرێتەوەو بەم شێوەیە دەخوێندرێتەوە:
سەرۆكی هەرێم لە پۆستەكەی دووە دەخرێتەوە دوای ئەوەی لەلایەن زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان لەو حالەتانەی خوارەوە تاوانبار دەكرێت:
1-كاركردن بە پێچەوانەی سوێندی یاسایی.
2-كاركردن بە پێچەوانەی دەقەكانی ئەم یاسایە.
3-خیانەتی گەورە.



ماددەی پازدەم:
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان- عێراق دەبێت.


ماددەی شازدەم:
سەرۆكی هەرێم بەگوێرەی حوكمەكانی (ماددەی دووەم)ی ئەو یاسایە هەڵدەبژێردرێت بۆ تەواوكردنی ئەو ماوەی كە ماوە بۆ كۆتایی هاتنی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان.

ماددەیحەڤدەم:
لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم یاسایە جێبەجێ دەكەن.


ماددەی هەژدەم:
ئەم یاسایە لە ڕۆژی دەرچواندنیەوە جێبەجێ دەكرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان) بڵاودەكرێتەوە.


(هۆیەكانی دەرچواندنی ئەم یاسایە)
بە مەبەستی رێكخستنەوەی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەكانی هەرێم و جێگیركردنی سیستمی پەرلەمانی تەواو ئەم یاسایە دەرچوێندرا.




AM:11:43:21/06/2015