پارتی هەڕەشە دەكات
بەیاننامەی فەرمی پارتی دیموكراتی كورستان

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت ئەو لایەنانەی سازانی نیشتمانیان تێكدا خۆسەپێنانە مامەڵەیان كردوە و رێگە نادەن هیچ لایەنێك تاك لایەنانە بڕیار بدات.

محەمەد عەلی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن بەیاننامەی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی خوێندەوە و رایگەیاند: ئێمە پێمان وایە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم پێویستە لەچوارچێوەی سازانی نیشتمانی بێت، ئەمەی ئەمرۆ كرا خزمەتی هیچ لایەنێك ناكات.

ئاماژەی بەوەش كرد هەمواركردنی ئەم یاسایە بەزۆرینە و كەمینە نابێت، ئەو لایەنە سیاسیانە خۆسەپێنانە مامەڵەیان كردوە، وتیشی "سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشێلی یاسای كردوە و پێویست بوو لیستی ئامادەنەبوانی بخوێندایەتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو سەرۆكی پەرلەمان نەیتوانیوە بێ لایەنانە مامەڵە بكات و كەوتۆتە ژێر كاریگەری حزبی، وتیشی "ئەوەی ئەمرۆ ڕوویدا بۆ تێكچوونی سازانی نیشتمانی بوو، بەرپرسیاریەتیەكەشی دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی سازانی نیشتمانیان تێكدا".

هاوكات وتەبێژەكەی فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند رۆڵی ئەو لایەنانە بەرز دەنرخێنن كەنەچوونەتە كۆبوونەوەكەوە، راشیگەیاند هیچ لایەنێك ناتوانێت تاك لایەنانە و بێ پارتی مامەڵە بكات.

دەقی راگەیەندراوەکە:


لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەڕلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی پرۆژەی یاسای ھەموار کردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم، بۆ ھەموو لایەکی رایدەگەیەنین، کە ئێمە پێمانوایە مامەڵە کردن لەگەڵ پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم, دەبوایە لە چوارچێوەی سازانی نیشتیمانی بێت و لەم دۆخەدا ھەر ھەنگاوێکی تاکڕەوانە، دوور لە کۆدەنگی نیشتیمانی خزمەتی ھیچ لایەنێک ناکات, چونکە ئەم یاسایە ڕەھەندێکی دەستووری ھەیە و ھەموار کردنی ئەم یاسایە، بە زۆرینە و کەمینە نابێت.

ھەروەھا رایدەگەیەنین، کە ئەو لایەنە سیاسیانەی دیکەی پەڕلەمانی کوردستان، ئەوەندە خۆسەپێن مامەڵەیان کردووە, بۆیە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە ئەم یاسایە ڕەھەندێکی نیشتیمانی ھەیە و ھەوڵی ھەموارکردنەوەیشی لە کاتێکدایە, کە لیژنەی دەستووری کاروبارەکانیان بە باشی دەڕون، پێشکەش کردنی پرۆژەیەی لەم چەشنە، کە ئەرکی سەرەکی لیژنە دەستوورییەکەیە، بێبەھاکردنی ئەو لیژنەیەیە.

بۆیە بۆ ڕای گشتی چەند خاڵێک دەخەینەڕوو:

یەکەم: دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پێچەوانەی پەیڕەوی ناخۆی پەڕلەمان بوو، چونکە بە گوێرەی ماددەی (٥٤-یەکەم-٤) دەبوایە پاش ئەوەی سەرۆکایەتی کردنەوەی دانیشتنەکە رادەگەیەنێت، ناوی ئەندامە ئامادەنەبووەکان بخوێنرێتەوە و ئینجا ناوی ئەوانەی کە بەبێ پاساو ئامادەنەبوون، دواتر پوختەیەک لە کۆنووسی دانیشتنی پێشوو بخوێنرێتەوە و دوای ئەوە بچنە سەر بەنامەی کار، بەلام لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، سەرۆکایەتی پەڕلەمان خەرقی ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆی کرد و بەر لەو رێکارانە دەستیان بەر بەرنامەی کار کرد.

دووەم: ئەوەی جێگەی نیگەرانیمانە بەرێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بێلایەنی خۆی لە دەست داو نەیتوانی لە ئاستی گەورەیی دامەزراوەی پەرلەمان مامەڵە لە گەڵ بابەتەکە بکات و کەوتە ژێر کاریگەری ئەو ململانێ حزبیەی لە پەرلەمان نەخشەی بۆ دانراوە.

سێھەم: ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا سەرەتایەکە بۆ تێکچوونی ئەو تەوافوقە سیاسییەی, کە حکومەت و پەڕلەمانی لەسەر پێکھاتووە و بەسەرەتایەکی باش نا‌زانین و بەرپرسیارەتییەکەیشی دەخەینە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە ھۆکاری ئەم دۆخەن.

چوارەم: بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەو بابەتە سازان و تەوافوقی دەوێت و تاکە ڕێگای مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی گرنگی ئەوھا سازانی نیشتمانی و دوور لە موزایەداتی حیزبی.

پێنجەم: ئێمە ڕۆڵی ھەموو ئەو لایەنانە بەرز دەنرخێنین، کە بڕوایان بە سازانی نیشتیمانی ھەیە و ئامادە نەبوون بەشداری لەو جۆرە دانیشتنە بکەن.

شەشەم: ھەر لیرەیشەوە خەڵکی کوردستان و جەماوەری پارتی دڵنیا دەکەینەوە کە بەبێ سازان ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت تاک لایەنە بریار لە سەر پرسێکی گرنگی وا بدات.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕلەمانی کوردستان

٢٣/٦/٢٠١٥






PM:01:50:23/06/2015