وەزارەتی خوێندنی باڵا روونكردنەوەیەك بڵاوده‌کاته‌وه‌

ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی لەگەڵ نەمانی پشووی هاوینە بۆ فەرمانبەرانی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە ناوەندی راگەیەندنەکان بڵاو کرابووەوە، روونکردنەوەیکی بڵاو کردووەتەوە.

دەقی روونکردنەوەکە:

   لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لەلایەن بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکان، هەروەها لەلایەن چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن داوای ڕوونکردنەوەمان لێدەکرێت، سەبارەت بە نەمانی پشووی هاوینە بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتەکەمان بەباشی زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بخاتەڕوو:

دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان دوچاری ئەو دۆخە ناهەموارەی بواری سیاسی و ئابوری بوەوە، کە لەهەمویان دیارتر قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە، لەو ڕوانگەیەوە فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەردەوام گلەیی و گازندەیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکرد، کە بۆچی فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هاویندا پشوو وەردەگرن؟

بۆیە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (٥٦٢٥) لەڕێکەوتی (٨/٩/٢٠١٤) داوای ڕوونکردنەوەی لە وەزارەتەکەمان کرد و پرسیاری ئەوەیان کرد، کە ئایا پشت بە چ بنەمایەکی یاسایی دەبەسترێت بۆ پێدانی مۆڵەت بە فەرمانبەران لە مانگەکانی (تەمووز و ئاب)؟، لە وەڵامدا وەزارەتەکەمان بە نووسراوی ژمارە (٢٠٥٠٨) لە ڕێکەوتی (٢٦/١٠/٢٠١٤) وەڵامی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی دایەوە، کە بۆ پشووی مامۆستایان پشت بە مادەی (١٠) بڕگەی سێیەم لە یاسای ڕاژەی زانکۆی ژمارە (٢٣) لە ساڵی (٢٠٠٨) بەستراوە.

سەبارەت بە پشووی فەرمانبەران، ڕوونمان کردەوە کە ئەوان پشوو وەرناگرن، بەڵکوو بەشێوەی (تناوب) دەوام دەکەن، ئەوەش وەک عورفێکی ئیداری کە پیش دامەزراندنی وەزارەتەکەمان لە زانکۆکان پەیڕەو کراوە، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ئەو (٢) مانگەدا پشوی خوێندنی قوتابیان و خوێندکارانە لەسەرجەم زانکۆکان، لەهەمان کاتدا کاروباری کارگێڕیش کەمتر دەبێتەوە، بۆیە بەشێوەی (تناوب) بۆماوەی مانگێک مۆلەتیان پێدراوە.

سەبارەت بەپشوی هاوینەی مامۆستایان، لێرەدا بەپێویستی دەزانین مامۆستایان دڵنیابکەینەوە کە ئەو بڕیارە ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە ناگرێتەوە و پشوەکەیان هەڵنەوەشاوتەوە، بەڵکو بەپێی یاسای ڕاژەی زانکۆیی ژمارە (٢٣)ی ساڵی ٢٠٠٨ ماددەی (١) بڕگەی سێ، مامۆستایان هاوشێوەی ساڵەکانی دیکە ڕێگەیان پێدراوە کە لە مانگەکانی (٧ و٨) پشوو وەربگرن.




PM:02:48:30/06/2015