حكومەتی عێراق نزیكەی 12 ترلیۆن دیناری پێشمەرگەی لایە
وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی داعش و نەناردنی شایستەكانی دارایی هەرێم لەلایەن بەغداوە قەیرانی دارایی هەرێمی قوڵتركردووەتەوەو لە ئێستادا بەغدا 11 تریلیۆن و 513 ملیار دیناری پێشمەرگەی لایەن".
ئەحمەد عەبدلڕەحمان بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند: لەبارەی بڕی ئەو شایستانەی دەبوو عێراق لە ئەمساڵ و ساڵی 2014 بۆ هەرێمی بنێرێت و تا ئێستا چەند پارە لەلایەن بەغداوە نێردراوە، گوتی:" ئەوەی پەیوەستە بە ساڵی 2015 لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ حكوومەتی عێراق بڕی دوو تریلیۆن و 265 ملیار و 749 ملیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردووە، ئەوەشی كە شایستەكانی دارایی هەرێمی كوردستان بووە شەش تریلیۆن و 173 ملیار و 925 ملیۆن دینار بووە، واتە جیاوازییەكە سێ تریلیۆن و 908 ملیار و 175 ملیۆن دینار بووە كە لەلای بەغدایە و دەبوو بینێرێت، بەڵام بڕیویەتی".
وتەبێژی وەزارەتی دارایی لەبارەی شایستەكانی دارایی هەرێم لە ساڵی 2014ش روونی كردەوە" هەرچی پەیوەستە بە بوودجەی ساڵی 2014 ئەوا حكوومەتی عێراق لەو ساڵە تەنها چوار قیست پارەی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە كە بەمشێوەیە بوون، مانگی كانوونی دووەم بڕی 566 ملیار دینار، مانگی شوبات 548 ملیار دینار، مانگی تشرینی یەكەم 583 ملیار دینار، مانگی تشرینی دووەمیش 583 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە، واتە لە ساڵی 2014 حكوومەتی عێراق بڕی تەنها دوو تریلیۆن و 280 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە، لەكاتێكدا شایستەكانی دارایی هەرێم لە ساڵی 2014 بە پێی بوودجەی ئەو ساڵە بریتی بووە لە 18 تریلیۆن و 280 ملیار دینار، واتە جیاوازییەكە بریتییە لە 16 تریلیۆن دینار كە عێراق لەو ساڵەدا بۆ هەرێمی نەناردووە، ئەو 16 تریلیۆنەش لە بەیانی دارایی وەزارەتی دارایی عێراق كە بۆ پەرلەمانی عێراقی ناردووە باسی دەكات و دەڵێت وەكو شایستەی دارایی بۆ هەرێم نەنێردراوە".
وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەحمەد عەبدلڕەحمان لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی ئەو قەرزانە دەكات كە هی هەرێمن و لەلای بەغدا ماون، ئەو دەڵێت" لەساڵی 2014 و 2015 عێراق بڕی نۆزدە تریلیۆن و 908 ملیار دینار شایستەكانی دارایی هەرێمی بڕیوە، جگە لە شایستەكانی دارایی وەزارەتی پێشمەرگە كە حكوومەتی عێراق لەساڵی 2007ەوە نایدات و بڕەكەی 11 تریلیۆن و 513 ملیار دینارە، كەوابوو هەرێمی كوردستان لە شایستەكانی دارایی ساڵی 2014 و 2015 و بوودجەی پێشمەرگەش بڕی 31 تریلیۆن و 421 ملیار دیناری لەلایەن كە دەبوو بینێرێت نەیناردووە".
عەبدلڕەحمان روونیشی كردەوە هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم پشت بە شایستەكانی دارایی ئەوەی لە بەغداوە بۆی دێت بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەبەستێت، دەشڵێت "داهاتی نێوخۆیی زۆر كەمە لە ئاست ئەو بڕە پارەیەی كە هەرێم بۆ دابینكردنی مووچە پێویستییەتی كە بە قسەی ئەو مانگانە خۆی لە 860 ملیار دینار دەدات".
سەبارەت بە بڕیاری سەربەخۆیی ئابووریش گوتی: "وا بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێم بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت ئاخۆ هەرێم لە رادەستكردنی نەوت بە سۆمۆ بەردەوام بێت یان سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت و داهاتەكەی وەربگرێت".
داهاتی نێوخۆی كەم بووەتەوە بەهۆی كەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی لە سنوورەكان و گومركەكانەوە بەتایبەت بزاوتی بازرگانی كەم بووەتەوە بەتایبەت لە ئیبراهیم خەلیل، چونكە جووڵەی بازرگانی لەنێوان مووسڵ و هەرێمی كوردستان نەماوە و بەشێكی زۆری بارهەڵگرەكان لە 2014ەوە تا ئێستا كەم بووەتەوە.
PM:02:18:01/07/2015